ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانیان بەرز ڕاگرت

ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی ۱٠ ساڵەی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان، بە دروشمی " ۱٠ ساڵە ئازارەکانی شەنگال ساڕێژ نەبوون " و  " تاوانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان پەڵەیەکی ڕەشە بە ڕووی مرۆڤایەتییەوە "  چالاکییەکیان ڕێکخست.

سلێمانی


 دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە ڕێکخراوی ئازادبوونی شاری سلێمانی، یادی۱٠ ساڵەی جینۆساید کردنی شەنگال، لە لایەن  ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید، بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی ۱٠ ساڵەی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان، بە دروشمی " ۱٠ ساڵە ئازارەکانی شەنگال ساڕێژ نەبوون " و  " تاوانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان پەڵەیەکی ڕەشە بە ڕووی مرۆڤایەتییەوە " ، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدرا و ڕایانگەیاند دەبێت تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن و قورەبووی هاوڵاتیان بە ماددی و مەعنەویی بکرێنەوە.

لە درێژەی کۆنگرەکەدا، لە لایەن ئاراس خەلیل، ئەندامی ڕێکخراوی بواری جینۆساید، لە بەیان نامەکەدا جەختی لەوەکردەوە، لە سەرەتای جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان پیاوانیان شەهیدکرد و دەستدرێژیان بۆسەر ژنان و منداڵان ئەنجامدا، ژنانیان وەک کاڵایەک بەکار دەهێنا لە لایەن چەکدارانی داعشەوە. 

 

لە درێژەی بابەتەکەدا، وتی: پێویستە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی شەنگال بۆ هاوڵاتیانی و ڕای گشتی بخرێتەڕوو، پەلە بکرێت لە پڕۆسەی گەڕاندنەوەی ئێزدییەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان و هاوکاری مادیی بکرێن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شوێنەکانیان و دووبارە بونیادنانەوەی ماڵەکانیان، قەرەبووی تەواوی ئەو ژنانە بکرێت کە لە لایەن چەکدارانی داعشەوە بەکار دەهێندران و بازرگانیان پێوە دەکرا، هەڵدانەوەی گۆڕە بە بەکۆمەڵەکانی ئێزدییەکان و کار بکرێت بۆ هێنانەدی ئارامی و سەقامگیری سیاسیی لە شنگالدا، هەروەها ڕۆحی برایەتیی و ئاشتەوایی و پێکەوەژیان لە نێوان ئێزدییەکان و سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق بەهێز و بتەو بکریت بە شێوەیەک کە تیرۆر نەتوانێت سود لە جیاوازی ئاین و بیر و ڕای جیاوازی ئەم پێکهاتەنە ببینیت بۆ نانەوەی پێشێوی و ئاژاوە.