ڕێکخراوە کرێکارییەکان: کۆماری ئیسلامی شکستی خۆی لە پشت ڕاگواستنی پەنابەرانەوە دەشارێتەوە
دوابەدوای دەستپێکردنی شەپۆلێکی بەرفراوانی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی ئەفغانی لە ئێران، چەند ڕێکخراوێکی سەربەخۆی کرێکاری ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، بە توندی شەرمەزاری ئەو کارەی حکومەتیان کرد و بە "سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانە و نامرۆڤانە" پێناسەیان کرد.

ناوەندی هەواڵ
لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئێران شەپۆلی نوێی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی ئەفغانستانیان دەستپێکرد، چوار ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری ڕۆژی ٦ی تەمموز ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، ئەم ڕێوشوێنانەیان بە "ڕەگەزپەرستانە، نامرۆڤانە و چەواشەکارانە" پێناسە کرد.
ڕێکخراوەکان تیشکیان خستەسەر ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە پەنابەرانی ئەفغانستان لە بزوێنەری هێزی کار لە کۆمەڵگەی ئێراندا دەیگێڕن، تۆمەتی سیخوڕییان لە دژی ئەوان بە "شانۆیەکی گاڵتەجاڕانە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانی حکومەت" پێناسە کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە بە واژۆی ناوەندی کرێکارانی کارگەی شەکری هەفت تەپە، خانەنشینانی خوزستان، لێژنەی کۆردیناسیۆن بۆ پشتیوانی لە دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی کرێکاران و گروپی یەکیەتیی خانەنشینان، ئاماژە بەوە کراوە کە دوابەدوای ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دەسەڵاتدارانی ئێران مەرجی پێگەیشتوویان بۆ دەستپێکردنی ئەم سیاسەتە "دژە گەلە" زانیوە، هەروەها ڕاگواستنی کرێکارانی ئەفغانستان و کۆچبەران بە قەبارەیەکی گەورە دەستی پێکردووە.
هەروەها تیشک خراوەتەسەر دۆخی نالەباری ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو کۆچبەرانە، ئاماژە بەوە کراوە کە زۆربەیان بۆ ڕزگارکردنی گیانی خۆیان و خێزانەکانیان ناچاربوون زێدی خۆیان بەجێبهێڵن، ئەوان لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین، لە کاری ماندووکەر و مەترسیدارەکان کاردەکەن، لە پەراوێزترین ناوچەکان نیشتەجێن و لە خوار کەمترین ئاستی ژیانەوە دەژین.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، حکومەت تۆمەتی سیخوڕی بەکاردەهێنێت بۆ پەردەپۆشکردنی "شکست و لاوازی خۆی بەرامبەر ئیسرائیل" و هەوڵدەدات بۆچوونی گشتی بەلاڕێدا ببات.
ڕێکخراوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، تۆمەتبارکردنی کرێکارانی ئەفغانستان بە سیخوڕیکردن بۆ مۆساد نەک هەر " گاڵتەجاڕییە" بەڵکو "شەرمەزارییە"، داوای لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی دەسەڵات دەکەن، کە ساڵانێکە بووەتە زەمینەی لەدایکبوونی گەندەڵی و دزەکردن.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەشێک لە کۆچبەران لە قەیرانی سووریادا بەکارهێنراون، بە بەڵێنی پەناگە و نیشتەجێبوون پەیوەندییان بە میلیشیاکانی وەک لیوای فاتمیانەوە کردووە، بەڵام ئێستا بە بیانووی ئاسایشی ڕووبەڕووی هەڕەشە و ڕاگواستنەوە دەبنەوە.
لە کۆتاییدا، ڕێکخراوە کرێکارییە سەربەخۆکان داوای ڕاگرتنی خێرای دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی ئەفغانی و داننان بە مافە مرۆییەکانیان و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی هەڵاواردن و نامرۆڤانەیان کرد.