ژنانی تێکۆشەری بۆکان بەدوای ئازادیدا دەگەڕێن

ژنانی بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای پیرۆزبای ڕۆژی جیهانی ژنان پێیان وایە ئەم ڕۆژە تەنیا بۆ ژنان نییە بەڵکو بۆ هەموو ئازادیخوازانە.

لارا گەوهەری

 

بۆکان- ڕۆژی جیهانی ژنان کە لە بزووتنەوەیەکی کرێکارانی ژنەوە دەستی پێکرد، ئەمساڵ لە کوردستان زۆر جیاوازترە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، شۆڕشی ژینا و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" نەک تەنها لەلای ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگە، بەڵکو لە ژیان و ئامانجی تاکەکانی کۆمەڵگەدا پێگە و ڕۆڵێکی تایبەتی بەدەستهێناوە.

 

ژنان لە دوورترین و بێبەشترین بەشەکانی کوردستان پەیوەندییان بەم شۆڕشەوە کردووە و خەباتی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بە بەراورد بە ڕابردوو فراوانبووە و ڕۆژ بە ڕۆژ بڵاودەبێتەوە.

 

ئەمساڵ دوای ڕۆژانی ڕاپەڕینی خوێناوی شۆڕشی ژینا، ژنانی بۆکان ئێستا ٨ی ئادار بە دەرفەتێک دەزانن بۆ درێژەدان بە خەبات و بەدەستهێنانی هێز، له سیستمی ئێستای ئێراندا ژنان خاوەنی هەر فکر و ئایدۆلۆژیایەک بن ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

 

ژنانی چالاکی کۆمەڵگە کە هەوڵی هۆشیارکردنەوەی ژنان دەدەن، دەستگیر دەکرێن و لە چەند ساڵی ڕابردووشدا زۆرێک لە گۆڤارەکان بەم هۆیەوە داخراون، چالاکییە مەدەنییەکان سنووردار دەکرێن و ژنان یان دەستگیر دەکرێن یان دوور دەخرێنەوە، بەڵام ژنان کۆڵنادەن و لە ڕێگەی چالاکی مەدەنی و پابەندنەبوون بە یاساکانی حکومەتەوە درێژە بە خەباتەکانیان دەدەن.

 

"رزگاری کۆمەڵگە کاتێک بەدەستدێت کە ژنانی ئەو کۆمەڵگەیە ئازادبن"

شلێر مەحمودی، خوێندکارێکی تەمەن ٢٤ ساڵ، سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی ژنان دەڵێت: "ئەمساڵ ڕۆژی ژنان بۆ من مانایەکی جیاوازتری هەیە، ژنانی کوردستانیش ئەمساڵ هێزی ژنانیان نیشانی هەموو جیهاندا، شۆڕشێک کە لە تاڵێک قژی ژینا دەستیپێکرد و هەموو دونیای لە ئازار و مەینەتیەکانی ژنانی ئێران و خەڵکی ئێران ئاگادار کردەوە، هەرچەندە هێشتا ڕێگایەکی دوورمان لە پێشە، بەڵام هێشتا لەسەر ئەم ڕێگایەین و بەردەوامدەبین و کۆڵنادەین، ئێمە لە پێناو خوێنی شەهیدان و گەنجە زیندانیکراوەکانمان ڕێگای تێکۆشان و بەرخۆدانمان گرتوەتەبەر، پێویستە هەموو خەڵک بزانن کە ڕزگاری کۆمەڵگەیەک کاتێک بەدەستدێت کە ژنانی ئەو کۆمەڵگەیە بڕیاریاندابێت ئازادبن، لابردنی حیجابی زۆرە ملێ بەشێکە لە خەباتی ژنان کە ڕۆژانە لە شەقامەکاندا دەبینرێت، ئێمەش نەک هەر دژی حکومەت دەجەنگین، بەڵکو دژی بیری کۆنەپەرستی دژە ژن دەجەنگین و بە دڵنیاییەوە ڕۆژێک دێت لە سایەی یەکسانی و دادپەروەری دەژین."

 

"ژنان هەرگیز کۆڵ نادەن"

هەتاو خوسرەوی، سەبارەت بە ڕۆژی ژنان دەڵێت: "رۆژی ژنان تەنها بۆ ژنان نییە، بەڵکو ڕۆژی هەموو ئازادیخوازانە، لە ئێراندا بە گشتی و بەتایبەتی ژنانی کورد هەر لە منداڵییەوە کە دەست دەکەن بە دروستکردنی خەونەکانیان سنوورداردەکرێن، تەنانەت ناتوانن ئاواتەخوازی بۆ پۆستێکی وەک سەرۆک کۆمار بە خەیاڵیاندابێت و هەندێک خەونیش بەو شێوەیە بە دەستنەهاتوو دادەنرێت و بۆ ژنان بە ئەستەم لێی دەڕوانرێت، بەڵام لە هەندێک وڵاتی دیکەدا ژنان بە سنووردارکردنی یاسایی کەمتر توانای پلاندانانیان بۆ خەونەکانیان هەیە."

 

وتیشی: "هەرچەندە ژنان بە بەراورد بە ڕابردوو پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەدەستهێناوە، بەڵام زۆرێکیان لە پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و پیشەیی باشدان، بەڵام زۆربەی ئەم ژنانە لەگەڵ گرفتەکانی خۆیاندا ململانێ دەکەن، کە زۆربەی کێشەکان لە جیاوازی جێندەری و نایەکسانی و تێڕوانینی ژنکوژییەوە سەرچاوە دەگرن، لەگەڵ ئەوەشدا ژنان هێشتا لە تێکۆشان و خەباتدان بۆ دووپاتکردنەوەی بەدەستهێنانی مافە مەدەنی و سیاسی و کولتووری و ئابوورییەکانی خۆیان و وەک ژنێکی کورد و بۆکانی، دەمەوێت دەنگی ئێمە هەموو جیهان بگات."