لە عێراق ملیۆنێک منداڵ لە خواردنی تەندروست و خوێندن بێبەشن
ملیۆنێک منداڵی عێراقی لە دەرفەتی خوێندن و خواردن و خزمەتگوزاریی تەندروستیی بێبەشن و کارکردنی منداڵان یەکێکە لە دیاردە بەربەڵاوەکان.

ناوەندی هەواڵ
دەستەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراقە بڵاویکردەوە، یەک ملیۆن منداڵی عێراقی کە تەمەنیان لەخوار ١٥ ساڵییەوەیە بێبەشن لە دەرفەتی خوێندن، خواردنی تەندروست و بەشێوەیەکی بەربڵاو کاردەکەن.
عەبدولزەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، " ملیۆنێک منداڵی عێراقی کە دەکاتە ٪٤٠ کۆمەڵگەی عێراقی لە خوێندن و خواردن و تەندروستی بێبەشن، ٪٥ی منداڵان لە عێراق کاردەکەن بەهۆی قەیرانی ئابووری و هەڵکشانی ڕێژەی هەژاری لەناو خێزانە عێراقییەکان ئەمەش وادەکات رۆژانە رووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی ببنەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزارەتەکەمان کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژاری دەکات لە ماوەی پێنج ساڵدا، جگە لەوەش پێشکەشکردنی هاوکاریی دارایی بۆ خوێندکاران و پاڵپشتیکردنی کچان بۆ تەواوکردنی خوێندن بەشێکی دیکەن لە کارەکانی وەزارەتەکە".
بەپێی ماددەی ٥٢ ی یاسای بودجە ئەو خێزانانەی کە مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە مانگانە بڕی ٣٠ هەزار دینار بۆ منداڵەکانیان خەرجدەکرێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی خوێندنیان.