٧ ملیۆن هاوڵاتی عێراقی کەشوهەوا کاری تێکردوون

عێراق بە گرتنەبەری هەنگاوی بونیاتنەر لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا هەوڵی ڕزگارکردنی وڵاتەکەی دەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

عێراق وەک پێنجەم وڵاتی جیهان دەستنیشانکراوە کە گۆڕانکاریی کەشوهەوا بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر هەیە، بۆیە دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانەکان داهاتووی عێراق لە لەناوچوون ڕزگار دەکات.

 

گرتنەبەری هەنگاوی بەکۆمەڵ و هەبوونی ئیرادەی سیاسی بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتە گەورەکانی ژینگە، لە گرنگترین هۆکارەکانن کە پێویستن بۆ چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراقدا کە سەردەمێک بە "وڵاتێکی ٣٠ ملیۆن دارخورما" ناسرابوو.

 

پێشکەشکردنی سیاسەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و بەشداریکردن لە کۆبوونەوە سەرەکییەکانی وەک بیست و حەوتەمین کۆنفرانسی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا -COP2 کە ساڵی ڕابردوو لە میسر بەڕێوەچوو لە هەنگاوە بونیاتنەرەکان دەبن بۆ ڕزگارکردنی داهاتووی وڵاتەکە. عێراق بەشداری تێدا کردبوو.

 

لە هەنگاوێکی دیکەدا، محەمەد شیعە ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لەڕێگەی ڕێوشوێنی بەرفراوانەوە کە بڕیارە تا ساڵی ٢٠٣٠ بگیرێتەبەر دەخاتەڕوو،  لە وتارێکدا بۆ کردنەوەی کۆنفرانسی کەشوهەوای عێراق کە دوو ڕۆژی خایەند لە بەسرە لە مانگی ئاداردا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە زیاتر لە حەوت ملیۆن هاوڵاتی لە عێراق زیانیان بەرکەوتووە، سەدان هەزار کەس ئاوارە بوون بەهۆی ئەوەی بژێوی ژیانیان لەدەستداوە کە پشتی بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەبەست."

 

هەندێک لەو هەنگاوە گرنگانەی کە عێراق دەتوانێت بیگرێتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بریتین لە بەکارهێنانی وزەی خۆر، گەڕاندنەوەی ئیکۆسیستەمی زیانلێکەوتوو و کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی.

 

شێوازەکانی دیکە بریتین لە وەبەرهێنان لە وێستگەکانی وزەی نوێبووەوە، ڕیسایکلکردنی زیاتر، دابینکردنی پارە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی لە پڕۆژەکانی پاراستنی ژینگە کاردەکەن، وەک وزەی نوێبووەوە، کشتوکاڵ، پاراستنی ئاو و نوێکردنەوەی شێوازە کۆنەکانی ئاودێری، هەروەها پاراستنی جۆراوجۆری زیندەوەران و هەروەها کەمکردنەوەی دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە عێراق.

 

ئەگەر بەشێک لە زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بۆ ساڵانێکی درێژخایەن بەردەوامبێت، وەک کەمی ئاو و سەرچاوەی کشتوکاڵی، ئەوا سامانی ئاوی شیرین کەمدەبێتەوە، ئەمە کاریگەری لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیری سیاسی دەبێت، هەروەها ئەم جۆرە کاریگەرییە وێرانکەرانە دەتوانن ببنە هۆی زیانگەیاندن بە تەندروستی مرۆڤ.