تاقیکردنەوە نوێیەکانی ڤاکسین لە بەرەنگاربوونەوەی هەوکردنی پەردەی مێشک

تاقیکردنەوەکانی قۆناغی سێیەم دەریدەخەن کە ڤاکسینی NmCV-5 دەتوانێت وەڵامێکی بەرگری لە دژی پێنج جۆری سەرەکی بەکتریاکانی پەردەی مێشک بداتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڤاکسینێکی نوێی هەوکردنی پەردەی مێشک کە لە دوو وڵاتی ئەفریقا تاقیکرایەوە، بەڵێنی بەخشی لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکانی پەردەی مێشک، ئەمەش وەڵامی بەرگری لە دژی پێنج جۆری سەرەکی لێکەوتەوە.

 

توێژینەوەیەکی نوێ کە ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن ڕۆژنامەی نیو ئینگلاند جۆرناڵ ئۆف مێدیسین بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە کە تاقیکردنەوە هەڕەمەکییەکەی قۆناغی سێ لەسەر ١٨٠٠ کەس لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریقا لە مالی و گامبیا ئەنجامدراوە.

 

ڤاکسینی NmCV-5 کە لە ژێر تاقیکردنەوەدایە و لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی PATH و پەیمانگای سیرۆمی هیندستانەوە پەرەی پێدراوە، تاقیکرایەوە و بەراورد کرا لەگەڵ ڤاکسینی MenACWY-D کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پەسەندکراوە و مۆڵەتی پێدراوە لە بەشداربووانی سێ گروپی تەمەنی نێوان دوو بۆ ٢٩ ساڵ.

 

ئەنجامەکان دەریانخست کە وەڵامی بەرگری لە یەک ژەمی NmCV-5 بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزتر بووە لە ڤاکسینی مۆڵەتپێدراو، بە وتەی نووسەران، لە کاتی تاقیکردنەوەکەدا هیچ نیگەرانییەکی گەورەی سەلامەتی نەدۆزراوەتەوە.

 

هاوکارى نووسەرى توێژینەوەکە، ئێد کلارک، ڕایگەیاندووە: "ڤاکسینەکە پارێزگاری لە جۆرەکانی بەکتریاکانی هەوکردنی پەردەی مێشک دەکات کە دەبنە هۆی زۆربەی پەتا وێرانکەرەکانی پشتێنەی هەوکردنی پەردەی مێشک لە ئەفریقا."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئامادەیی بۆ پەتا ڕێگای پێشەوەیە لە دابینکردنی ڤاکسینی بەردەست و گونجاو و دەستڕاگەیشتن کە پەیوەندییان بەو ناوچانە هەیە کە تووشی بڵاوبوونەوەی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون، هەبوونی ڤاکسینی هەوکردنی پەردەی مێشک دەبێت گرنگییەکی تەندروستی گشتی بۆ ڕێگریکردن لە دەرئەنجامە کارەساتبارەکان لە کاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەدا و دەبێتە گۆڕینی یاری لە بەرەنگاربوونەوەی هەوکردنی پەردەی مێشکدا."

 

هەوکردنی پەردەی مێشکی بەکتریا باوترین جۆری نەخۆشییەکە و دەتوانێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بکوژێت، بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ناتوانرێت لە ماڵەوە چارەسەر بکرێت، لە کاتێکدا کە لە سەرانسەری جیهاندا دەبینرێت، هەندێک لە زۆرترین ژمارەی تووشبووان لە ئەفریقای ژێر سەحرا دەبینرێن.