لە نێوان زیادبوونی توندوتیژیدا ١٠ ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە

قەیرانەکانی برسێتی و پاراستنی لە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی توندتر کردووە و ١٠ ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

قەیرانەکانی برسێتی و پێویستیی ژیانێکی سەلامەت لە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی توندتر بووە و زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، وڵاتێکە لە ئەفریقای ناوەڕاست و لە ڕۆژئاواوە هاوسنوورە لەگەڵ زەریای ئەتڵەسی باشوور، بەپێی ڕووبەری زەوی کۆماری دیموکراتیکی کۆنگۆ دووەم گەورەترین وڵاتە لە ئەفریقا و ١١هەمین وڵاتی جیهانە.

 

لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی ململانێ بەردەوامەکانەوە زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە کە ژن و منداڵیان تێدایە، هەروەها توندوتیژی سێکسی دژی ژنان لە زیادبووندایە و تەنها لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣ەوە زیاتر لە ٣٤٠ حاڵەتی توندوتیژی سێکسی لە ناوچەکانی کانیاروچینیا و مونیگی لە خاکی نیراگۆنگۆ تۆمارکراوە.

 

بەهۆی توندوتیژییەکانەوە، سەدان هەزار جووتیار لە سەرانسەری باکووری کیڤو و باشووری کیڤو و ئیتوری ناتوانن وەرزی چاندن دەستپێبکەن بۆ دەستەبەرکردنی خۆراک و داهاتی هاوڵاتیان و لە هەمان کاتدا بژێوی ژیانیان لە مەترسیدایە، چونکە لە زەوی و ماڵەکانیان دەرکراون، زیاتر لە ٢٦ ملیۆن کەس لە ئێستادا خواردنی پێویستیان نیە بەهۆی چەندین ساڵ لە ململانێ و ئاوارەبوون، ئەمەش پاڵنەرێکی دیکەی زیادبوون و بەردەوامی توندوتیژییەکانە.

 

لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ەوە زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کەس ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، لە دوای پەرەسەندنی توندوتیژییەکان لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢ ڕۆژانە سەدان کەس بۆ کەمپی ئاوارەکانی لوشاگەلا زیاد دەبێت، تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا ژمارەی ئەو خێزانانەی کە هاتوون لە دوو هەزار و ٢٨٠ خێزانەوە بۆ شەش هەزار و ٢٦١ کەس زیادی کردووە، ئەمەش پێویستی زیاتر بۆ سەرچاوەکانی ئاوی پاک زیاد دەکات، بەڵام زیادبوونی مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاوی وەک کۆلێرای لێدەکەوێتەوە.

 

سیدیبە کادیدیا، بەڕێوەبەری وڵاتی چاودێری نێودەوڵەتی لە DRC ئاماژەی بەوەداوە کە زیاتر لە ٥٩ هەزار منداڵ بەدخۆراکییان هەیە و زیاتر لە ٥ هەزار ژنی دووگیان پێویستیان بە چاودێری تەندروستی و خۆراکی گونجاو هەیە، لەگەڵ نائاسایشی خۆراک و قەرەباڵغی لە شوێنەکان، خراپی بارودۆخی پاکوخاوێنی، کەمی ئاوی خواردنەوە و دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی، ئەگەری زیادبوونی حاڵەتەکانی کۆلێرا لە کەمپە کاتیەکاندا لە نیراگۆنگۆ زیاد بووە، ململانێکان ڕێگری دەکات لە دەستڕاگەیشتن بۆ وەرگرتنی یارمەتی پێویست بۆ زیانلێکەوتووەکان.

 

وڵاتەکە لە ئێستاوە تووشی گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوونی ناوخۆیی بووەتەوە، لە ئەفریقا بەهۆی بەردەوامی توندوتیژییەکانەوە تا ئێستا ٥.٨ ملیۆن کەس لە سەرانسەری پارێزگاکانی ئیتوری، کیڤۆی باکوور، کیڤۆی باشوور و تانگانیکا کە زیاتر لە نیوەیان ژنن ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، زۆرێکیان زیاتر لە جارێک ناچار بوون شوێنی نیشتەجێبوونیان بگۆڕن.

 

دۆخی نا سەقامگیری لە ناوچە جێناکۆکەکان ڕێگری لە هەوڵی یارمەتییەکان دەکات و ئەمەش وایکردووە گەیشتن بەو کەسانە قورستر بێت کە زۆرترین پێویستیان بە هاوکارییەکان هەیە، هەروەها مەترسی ڕاگرتنی گەشتە مرۆییەکانیان لەسەرە و چەندین ڕێگای سەرەکی لە گۆما بۆ ڕۆژئاوا و باکوور گیراون، ناوچەکانی والیکالێ، ماسیسی، موێسۆ و لوبێرۆ نزیکن لەوەی لە هاوکارییە مرۆییەکانی ڕزگارکەری ژیان داببڕێن.

 

سەرەڕای خراپتربوونی دۆخی مرۆیی، تا ئێستا تەنها ٪١٠.٢ بانگەوازی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆماری دیموکراتیکی کۆنگۆ کە ئەمساڵ ٢.٢٥ ملیار دۆلار بووە، پارەی بۆ دابینکراوە.

 

سێ دەزگای فریاگوزاری داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن کە بەپەلە بانگەوازی ئێستای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک جێبەجێ بکەن، پێویستە حکومەتی کۆماری دیموکراتیکی کۆنگۆ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە یەکسانی کار لەسەر چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشەی قەیرانەکان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بکەن.