خوێندکارێک لە سۆران بە گوماناوی گیانی لەدەستدا

خوێندکارێکی کچی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا، تا ئێستا پۆلیس و لایەنی پەیوەندیدار هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ڕووداوەکەوە بڵاو نەکردووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو لە سۆرانی سنوورى هەولێر، خوێندکارێکی کچی ١٢ی ئامادەیی بەناوی "ڕۆژان ئیدریس عومەر" لە ماڵەکەی خۆیاندا بە گوماناوی گیانی لەدەستداو تەرمەکەی براوەتە پزیشكی داد لە نەخۆشخانەی ئاشتی سۆرانی فێركاریی، پۆلیسیش لەبارەی ڕووداوەکەوە هیچ زانیارییەکی بڵاو نەکردووەتەوە.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەنگۆی ئەوە بڵاو کراوەتەوە، کە ڕووداوەکە خۆکوژی بووە و لەناو ماڵەکەی خۆیدا کاتێک بە تەنها بووە ئەنجامی داوە.

 

لای خۆیانەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران لە پرسەنامەیەكدا ڕایانگەیاندووە، كەوا خوێندکار "ڕۆژان ئیدریس عومەر" خوێندکار لە ئامادەیی شەهید حەسەن ئاغا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕەواندز گیانی لە دەستداوە، بەناوی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سۆران و تەواوی كارمەندان و پەروەردەكاران و مامۆستایانی سنوورەكە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە و كەس و كاری کرا.