خوێندکارانی مەخمور ڕێپێوانێکیان بۆ مافی خوێندن ڕێکخست

خوێندکارانی قوتابخانەی ئامادەیی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخمور" ڕێپێوانێکیان بۆ داواکردنی مافەکانیان بۆ خوێندن ڕێکخست.

مەخمور

 

خوێندکارانی ئامادەیی مەخمور ڕێپێوانێکیان ڕێکخست بۆ داواکردنی مافی خوێندنیان، ڕێپێوانەکە تا ناوەندی کۆنترۆڵی هێزەکانی عێراق بەردەوام بوو، چەند نامەیەک بڵاوکرایەوە کە تیشکیان خستە سەر مافی خوێندن، دوای ئەوەی ڕێپێوانەکە گەیشتە ناوەندی کۆنترۆڵ، هێزەکانی عێراق ڕێگەیان نەدا خوێندکاران بچنە دەروازەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، دوای ئەوە، خوێندکاران لە ناوەندی کۆنترۆڵی هێزەکانی عێراق بەیاننامەیەکیان پێشکەش کرد، بەیاننامەکە بە زمانی کوردی لەلایەن شیرین ئۆرن و بە زمانی عەرەبی لەلایەن ئەرژین ئورپەر خوێندرایەوە.

 

بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:

بەڕێز وەزیری پەروەردە دکتۆر ئیبراهیم مەناس جیبوری، هەموو کارمەندانی وەزارەت کاتێک لە ساڵی ١٩٩٤ لە عێراق نیشتەجێ بووین، گرنگییەکی زۆرمان داوە بە خوێندن وەک پەنابەرانی مەخمور، سەرەڕای هەموو ئەو بێدەرفەتیانەی هەبوون لە خوێندن نەوەستاوین، بۆیە هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەسەڵاتی خوێندنی ئێمەی قبوڵ کردووە و لەو کاتەدا دەستی کردووە بە پاراستنی مافی خوێندنمان، لە هەمان کاتدا، حکومەتی عێراق بە یاسای ١٩٧١ ژمارە ٥١  بە فەرمی ئێمەی وەک پەنابەری سیاسی قبوڵ کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٤-٢٠٢١  خوێندکارەکانمان بە فەرمی لە زانکۆکانی حکومەتی هەرێم دەخوێنن، بە سایەی ئەم خوێندنە کەسایەتییە پزیشکیەکان، پارێزەران، ئەندازیاران، تەلارساز و ئەدەب لە خوێندکارەکانمانەوە دەرکەوتن.

 

"لە مافی خوێندن بێبەش کراوین"

لە ساڵی ٢٠٢١ەوە، مافی خوێندنمان لە زانکۆ ڕەتکراوەتەوە و دەیان خوێندکارمان خەونی ئەوەیان هەبووە لە زانکۆ بخوێنن، هەرچەندە خوێندن مافێکی جیهانییە، بەڵام لە سەدەی ٢١دا هێشتا لەم مافە بێبەشین، وەک خوێندکارانی پەنابەرانی مەخمور دەمانەوێت ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆمان بۆ پێداویستییەکانی گەل و کۆمەڵگەکەمان لە عێراق دابین بکەین. بۆ ئەوەی ئەم داواکارییە جێبەجێ بکرێت، پێش هەموو شتێک، وەک وەزارەتی پەروەردە و حکومەتی عێراق و بە هاوبەشی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، بارودۆخەکەمان لەبەرچاو بگرن و بە شێوەیەکی کرداری چارەسەری بەپەلە بدۆزنەوە و هەنگاوی پێویست لەم بارەیەوە بنێن.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە کراوە:

-بۆ ئەوەی بارودۆخەکەمان باشتر ڕوون بکەینەوە، داوا دەکەین شاندێک لەبری خوێندکاران وڤ مامۆستاکانمان لەگەڵ وەزیری پەروەردە کۆببێتەوە.

 

- وەک خوێندکاران داوا لە لیژنەیەکی وەزارەتی پەروەردە دەکەین کە بێن بۆ کامپەکە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بارودۆخەکەمان ببینن.

 

"دەمانەوێت وەک هەموو کەسێکی تر بخوێنین و پیشەیەکمان هەبێت"

پێلین کارا، یەکێک لەو خوێندکارانەی کە داوای مافەکانی دەکات ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەبێت لە کامپەکەدا بخوێنێت و وتی: ماوەیەکی زۆرە ڕێگریمان لێکراوە و مافی خوێندنمان ڕەتکراوەتەوە، هەموو کەسێک مافی خوێندنی هەیە و ئێمەش دەمانەوێت وەک هەموو کەسێکی تر بخوێنین و پیشەیەکمان هەبێت، ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەوە بۆ ئەوەی مافی خوێندنمان هەبێت و داواکاریمان ئەوەیە کە مافی خۆمان بدەنێ، جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێت مافی خوێندنمان پێبدرێت.