دوای مانگرتن لە خواردن، ئارمیتا پاویر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە

دوای تێکچوونی باری تەندروستی بەهۆی مانگرتن لە خواردنەوە، ئارمیتا پاویر، خوێندکاری بایۆلۆجی خانە گەردیلەییەکانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە گواستەوە بۆ نەخۆشخانە.

ناوەندی هەواڵ

 

١٦ ڕۆژ لەمەوبەر ئارمیتا پاویر، خوێندکاری بایۆلۆجی خانە گەردیلەییەکانیان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی ڕاپەڕینی جەماوەری لە ئێران، بەهۆی دەستبەسەرکردنی و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکانی، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد و چەند ڕۆژێکە بارودۆخی تەندروستی تێکچووە.

 

دوێنێ، ٢٠ی تشرینی دووەم، میدیاکان ڕایانگەیاند، دوای ١٦ ڕۆژ لە مانگرتن دۆخی تەندروستی ئارمیتا پاویر تێکچووە و دەسەڵاتداران گواستوویانەتەوە بۆ نەخۆشخانەی زیندانی ناوەندی تەورێز.

 

ئارمیتا پاویر بەڵێنی لە بەرپرسانی زیندانەکە وەرگرتبوو کە چاوێک بە باری یاسایی و مەرجەکانی دەستبەسەرکردنیدا بخشێنەوە، لەو چوارچێوەیەشدا دەستبەرداری مانگرتن لە خواردن ببوو، بەڵام لە ٣ی تشرینی دووەمدا، دوای ئەوەی بەرپرسانی زیندان بەڵێنەکەیان نەبردە سەر، وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردەوە.

 

ئارمیتا پاویر لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە کاتی ڕاپەڕینی جەماوەری ئێراندا لە بەردەم زانکۆی مەدەنیی تەورێز، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستگیر کرا و لە ٨ی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا، بە دانانی بارمتەی دارایی تا کۆتایی ڕێکارەکان بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی تەورێز ئازاد کرا، لە ٢١ی ئەیلولی ئەمساڵدا جارێکی دیکە دەستبەسەرکرایەوە و بۆ زیندانی ناوەندیی تەورێز گواسترایەوە.