سروە محەمەد: پەرلەمانتارانی عێراق توڕەن لە هێرشەکانی تورکیا

ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەی نائاسایی خۆی لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەڕێوەدەبات، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: پەرلەمانتاران داوای لێپرسینەوە لە هەریەک لە وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری و سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق دەکەن.

تەوار پێنجوێنی

 

ناوەندی هەواڵ- ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا و هێرشکردنە سەر ناوچەی گەشتیاری زاخۆ، کە ٩ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٦ کەس برینداربوون، کۆبوونەوەی نائاسایی خۆی بەڕێوەبرد و وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری و سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق بەشداربوون.

 

سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی یەنەکە، لەبارەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، دانیشتنەکە لەسەر داوای پەرلەمانتاران بوو، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێکی لە پەرلەمانتارانی کورد و پێکهاتەکانی دیکە واژۆیان بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران کردبوو، "کۆبوونەوەی پەرلەمان لە کاتێکی پێویستدایە چونکە سەرجەم پەرلەمانتارانی کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە بە شیعە و سوننەوە توڕەن لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەتایبەت بۆ سەر زاخۆ".

 

سروە محەمەد ئەوەشی خستەڕوو کە پەرلەمانتاران داوای لێپرسینەوە لە هەریەک لە وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری و سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق دەکەن، "سەرجەم پەرلەمانتاران داوا دەکەن ڕووداوێکی دیکەی هاوشێوە ڕوونەدات و حکومەت ڕێوشوێنی زیاتر بگرێتەبەر، هەروەها داواکارییان پێشکەشکردووە کە لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە داوایەک دابڕێژرێت تا تورکیا نەتوانێت سەروەری خاکی عێراق پێشێلبکات".