خۆپیشاندانی وانەبێژان بەردەوامە و چارەسەرێکی ناڕوونیان پێدرا

ماوەی پێنج ڕۆژە مامۆستایانی‌ وانەبێژ، لە سنوری هەردوو پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی لەسەر شەقامەکان گردبوونەوەی‌ ناڕەزایی‌ ئەنجام دەدەن و داوا دەکەن دابمەزرێن، ئەمڕۆش ١٧ی تشرینی یەکەم وەزارەتی پەروەردە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە چارەسەری کێشەی وانەبێژان کردووە بەڵام بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ١٧ی تشرینی یەکەم، مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی دەستیان بە خۆپیشاندان و مانگرتن کردەوەو داوای خەرجکردنی مووچە دواخراوەکانیان و دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن.

ئەوە لە کاتێکدایە کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ زیاتر لە ساڵێکە بەو شێوەیە ماوەتەوە و چەندین جار بە خۆپیشاندان داوای مافەکانیان و دامەزراندن دەکەن.

هەرچەندە چارەسەری پێویست بۆ مامۆستایانی وانەبێژ نەدۆزراوەتەوەو گوێ بۆ داواکانیان نەگیراوە، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە لە دیوانى وەزارەتى دارایى و ئابورى ، وەزیرى دارایى و ئابورى بە مەبەستى چارەسەرکردنى کێشەى مامۆستایانى وانەبێژ لەگەڵ هەریەک لە وەزیری پەروەردە و سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران کۆبۆوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە: " لە کۆبوونەوەیەکدا، هەر سێ لا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن، کێشەى مامۆستایانى وانەبێژ چارەسەرى کۆتایى بۆ بدۆزنەوە، سووربوون لەسەر ئەوەى کێشەى مامۆستایانى وانەبێژ بە میکانیزمێکى نوێ چارەسەر بکرێت، لە کۆتایى کۆبوونەوەکە، بڕیاردرا چارەسەرى کۆتایى بۆ مامۆستایانى وانەبێژى بدرێت، کێشەکانیان لە ماوەکی نزیکدا چارەسەر بکرێت".

 

ئەوەی تێبینی دەکرێت لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی داراییدا کە باس لە دۆزینەوەی چارەسەر دەکات بۆ مامۆستایانی وانەبێژ، ئاماژە بە هیچ جۆرە چارەسەرییەک نەکراوەو شێوازی چارەسەرکردنەکە ڕوون نەکراوەتەوە.