"خەڵکی کامپی مەخمور ڕێگە نادەن لەلایەن هیچ هێزێکەوە گەمارۆ بدرێن"
ڕۆژین بەنک هاوسەرۆکی شارەوانی کامپی پەنابەرانی مەخمور ڕایگەیاند کە پەنابەرانی مەخمور بە هەڵوێستی توندیان وەڵامی هەوڵەکانی هێزە عێراقییەکانیان دایەوە بۆ گەمارۆدانی کامپەکە.
هێڤیدار تالی
مەخمور- هێزە عێراقییەکان لەناکاو هەوڵیاندا بەیانی ٢٧ی کانوونی یەکەم بچنە ناو کامپی مەخمورەوە بەبێ ئەوەی بەرپرسانی کامپی پەنابەرانی مەخمور ئاگاداربکەنەوە ویستیان تەلبەندی بکەن وگەمارۆی بدەن، خەڵکی کامپەکە کۆبوونەوە و ناڕەزایی خۆیان دەربڕی و ڕایانگەیاند کە هەرگیز ئەو جۆرە ڕێبازانە قبوڵ ناکەن، تا ئێستا ڕوون نییە کە دەرەنجامەکەی چی دەبێت، ڕۆژین بەنک هاوسەرۆکی شارەوانی کامپی پەنابەرانی مەخمور سەبارەت بە هەوڵەکانی هێزە عێراقییەکان بۆ گەمارۆدانی کامپەکە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
ڕۆژین بەنک بڕیارەکەی هێزە عێراقییەکانی بۆ چوونە ناوەوەی بە کاریگەری دەوڵەتی تورک وەسفکرد و وتی: "بەرەبەیانی ٢٧ی کانوونی یەکەم هێزەکانی عێراق بە ژمارەیەکی دیاریکراو سەربازەوە دەستیان بە جووڵانەوە کرد، ئەمە لەناکاو بوو زۆرجار لەگەڵ بەرپرسانی هێزەعێراقییەکان کۆبوینەوە و لەمیانەی ئەو کۆبونەوانەدا کامپەکە ڕەتکرایەوەو بەهیچ شێوەیەک قبوڵ نەکرا لەناکاو ویستیان کامپەکە بە تەلی گشتی دەورە بدەن، کاتێک مرۆڤ ڕوو لەدۆخی عێراق دەکات بەتایبەتی لەڕووی سیاسییەوە وەک نەخۆشێکە لەسەرەمەرگدا، لەهەموو لایەکەوە هیواکانی خۆی بەدەوڵەتەکانی دەوروبەرەوە دەبەستێتەوە بەتایبەتی کاریگەریی دەوڵەتی تورکیا لەسەر عێراق ئێمە ٢٧ ساڵە وەک خەڵکی کامپی پەنابەرانی مەخمور لە خاکی عێراق دەژین و تا ئێستا هەڵوێستی زیانبەخشمان لە دژی یاسای عێراق و هێزە عێراقییەکان و گەلی عێراق نەگرتووەتە بەر".
"خەڵکی کامپەکە هەوڵەکانی هێزە عێراقییەکانیان ڕاگرت"
ڕۆژین بەنک، تیشکی خستە سەر جیاوازی نێوان ئاوارەکانی مەخمور و ئاوارەکانی دیکە و وتیشی: "دۆخی ئێمە وەک پەنابەری ئاسایی نییە و ئێمە پێگەیەکی سیاسیمان هەیە، لەم بارەیەوە تا ئێستا هیچ زیانێک بە دەوڵەتی عێراق نەکەوتووە کە گەلەکەمان بخاتە ناو بازنەکەوە و گەلەکەمان بخاتە زیندانێکی کراوەوە، کاتێک هێزەعێراقییەکان هەوڵیان دا ناوچەکەی دەوروبەری کامپەکە تەلبەند بکەن، خەڵکی کامپەکە هەڵوێستی خۆیان لەو بارەیەوە دەربڕی و چوونە ئەو شوێنەی کە جموجوڵی سەربازانی عێراقی تێدابوو و هەوڵەکانیان وەستاند".
"ئێمە ٢٧ ساڵە لە دژی زوڵم وەستاوین و لەمەودواش ئەو جۆرە شتانە قبوڵ ناکەین"
هاجەر کارا، یەکێک لە ژنانی کامپەکە لە شوێنی ڕووداوەکە، ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بە نزیکبوونەوەی دەوڵەتی عێراق بۆ هەوڵدان بۆ تەلبەندکردنی کامپەکە دەربڕی و وتی: "ئێمە ٢٧ ساڵە سەرمان دانەنەواندوەو داینانەوێنین، ئابڵۆقەیان بەسەرماندا سەپاند و هێرشیان کردە سەرمان و فڕۆکەیان بۆ هێناین، سەرەڕای هەموو نەهامەتییەکان سەرمان دانەنەواند و داشینانەوێنین، ئێمە ڕێگە نادەین دەوڵەتی عێراق بە تەل گەمارۆمان بدات و بەرگری دەکەین با حکومەتی عێراق باش بزانێت کە لەگەڵ دایکێکی وەک مندا ڕێگەنادەم لەدەوری ئێمەدا تەلبەند هەبێت، ئێمە بەهۆی پارچەیەک نانەوە ئاوارە نەبووین، بەهۆی ماف و ناسنامە و خاکمانەوە ئاوارە بووین".
"ئێمە پەنابەری سیاسین"
هاجەر ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوان پەنابەری سیاسین و تا ئێستا هیچ کەسێک نەیتوانیوە بە تەلبەند دەوریان بدات ئەوەشی خستەڕوو، کە هەرگیز ڕێگە بە هێزەکانی عێراق و هیچ هێزێکی دیکە نادەن گەمارۆیان بدەن و وتی: "ماوەی ٢٧ ساڵە پەنابەری سیاسین و پێگەی سیاسیشمان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسندکراوە لە کامپی بێهیر ماوەی ٤٠ ڕۆژە مانگرتن لە خواردن هەیە و وەک پەنابەری سیاسی پەسندکران لەو ڕۆژەوە، کەس نەیوتووە ئێوە تەلبەند دەکەین و ئێمە هیچ شتێکی لەو شێوەیەش قبوڵ ناکەین".