هێرشکردنە سەر قوتابخانەکان، پۆلیس بانگەشەی ئەوەدەکات کە زیاتر لە ١١٠ کەسیان دەستگیر کردووە!

لە دۆخێکدا کە خەڵکی ئێران، چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی ڕژێمی ئێران بە بەرپرسیاری ژەهراویکردنی خوێندکاران دادەنێن، بەڵام حکومەت ڕۆژانە بە ڕاپۆرت و لێدوان ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

هاوکات لەگەڵ کیمیابارانکردنەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر قوتابخانەکان و ژەهراویکردنی ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران و گیانلەدەستدانی چوار خوێندکار، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیس، ناسنامە و دەستبەسەرکردنی زیاتر لە ١٠٠ کەس و کۆکردنەوەی نزیکەی ٩ هەزار بۆمبی بۆنداری ڕاگەیاندووە.

 

سەعید مۆنتەزەرمەهدی، لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە باری تەندروستی ناجێگیری خوێندکاران و نەخۆشییەکانی دیکە بەهۆی هۆکارە دەروونییەکانی وەک ترس و شڵەژانەوەیە کە کاریگەری لەسەریان هەبووە.

 

ژەهراویکردنی زنجیرەیی خوێندکاران کە ئێستا حکومەتی ئێران بە "باری تەندروستی ناجێگیر یان بە هۆکاری ترس" ڕایدەگەیەنێت و ئاماژەی پێدەکات، ماوەی زیاتر لە سێ مانگە بەردەوامە و نەک هەر حکومەت هیچ هەنگاوێکی لەو بارەیەوە نەگرتووەتەبەر، بەڵکو لەلایەکی دیکە وایکردووە زۆر سادە و بێ بایەخ دەربکەوێت و لەلایەکی دیکەشەوە هۆکارەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ گروپەکانی دژبەری ڕژێم.

 

لە ڕاستیدا پاش کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن ڕژێمی ئێران و دەسپێکردنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی گەل بە پێشەنگایەتی ژنان، ناوەڕۆکی ڕژێمی ئێران لەسەر بنەمای هەڵاواردنی ڕەگەزی و سەرکوتکاری سیستماتیک زیاتر دەرکەوت و ئاشکرابوو، هەر بۆیە لەگەڵ دووبارەبوونەوەی هەر تاوانێک، پەنجەی تۆمەتەکان ئاڕاستەی ڕژێمی ئێران دەکرێت و لە ئێستاشدا لێدوان و ڕاپۆرتە درۆکانی دەسەڵات هیچ کاریگەرییان بۆ سەقامگیری حوکمڕانییەکی لە کۆمەڵگەیەدا نییە کە داوای ئازادی و یەکسانی دەکەن.