جەنگی غەززە بەردەوامە و ژمارەی کوژراوان لە زیادبووندایە

ژمارەی کوژراوانی شەڕی بەردەوامی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس بۆ زیاتر لە ٣٣ هەزار و ١٣٧ کەس بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا هەزاران قوربانی لە ژێر داروپەردووی ماڵە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای شەرمەزارکردنی نێودەوڵەتی، ئیسرائیل هێشتا بۆ شەشەمین مانگ لەسەریەک بەردەوامە لە شەڕی جینۆساید دژی خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە و پێشێلکردنی سەرجەم یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان.

 

بەپێی ئەوەی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بۆ ١٨٣هەمین ڕۆژی لەسەریەک هێزەکانی ئیسرائیل تا ئێستاش خەڵکی سڤیل لە کەرتی غەززە بۆردومان دەکەن و ژمارەی قوربانیانی شەڕی بەردەوام بۆ زیاتر لە ٣٣ هەزار و ١٣٧کوژراو و ٧٥ هەزار و ٨١٥ بریندار بەرزبۆتەوە.

 

پشتڕاستی کراوەتەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل لە ماوەی٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا 4 کۆمەڵکوژییان لە دژی خێزانەکانی کەرتی غەززە ئەنجامداوە، کە ٤٦کوژراو و ٦٥ بریندار بوون، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تیمە پزیشکییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی هێشتا هەوڵی گەیشتن بە قوربانییەکان دەدەن.

 

تۆپخانەکانی هێزەکانی ئیسرائیل ماڵە مەدەنییەکانی لە گەڕەکی زەیتون لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە و گەڕەکی سەبرا لە ناوەندەکەی و گەڕەکی تەل حەوا و شێخ جلین لە باشووری ڕۆژئاوای شارەکە کردبووە ئامانج و دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.