مەکەگە لە بەرامبەر داخستنی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان کاردانەوەی نیشاندا
مەکەگە بەرامبەر بە داخستنی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان لە شاری سلێمانی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە داوای لە بەرپرسان کرد، بڕیارەکە پێچەوانە بکەنەوە.

ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا-مەکەگە لە ڕاگەیاندراوێکدا بەرامبەر بە هەڵکوتانە سەر کۆمپانیای گزنگی بەربەیان بۆ بەرهەمهێنانی بەرنامەی تەلەفزیۆنی سنوردار لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، لەلایەن دەزگای ئاسایشی سلێمانیەوە، بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی و یاسایی، کاردانەوەی نیشاندا.
هەروەها لە درێژەی راگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەم کۆمپانیایە کە ماوەی ٧ ساڵە لە باشووری کوردستان کاردەکات و سەرجەم کارمەندەکانی ژنن، بووەتە دەنگی ژنانی هەرێم، ئەم کۆمپانیایە کە بەرنامەی بۆ یەکەمین کەناڵی تەلەفزیۆنی ژنان بەناوی ژن تیڤی بەرهەم دەهێنێت، لە هەولێرەوە تا سلێمانی، کەلار، دهۆک و زۆرێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە دەنگ و ڕەنگی ژنان".
"ئەوان دەیانەوێت لەبەردەم حەقیقەتدا ببنە بەربەست"
حکومەتی ناوەندی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت ڕێگری لە کۆمپانیای گزنگی بەربەیان بکەن لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان. ئێمە وەک کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا-مەکەگە، پشتیوانی خۆمان لە کۆمپانیای گزنگی بەربەیان ڕادەگەینین و داوا لە دەسەڵاتداران دەکەین زووتر ئەم بڕیارە پێچەوانە بکەنەوە. ئێوە ناتوانن دەنگی ژنانی ڕۆژنامەنووس سەرکوت بکەن، لە گوربەتێلی تا گوڵستان و دەنیز و هێرۆ و جیهان، تکۆشانمان بۆ ڕاستی بەردەوام بوو، بەردەوامیش دەبێت".