"پێویستمان بە یاسای پوختتر و مەدەنیتر هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان"
لە پانێڵی "توندوتیژی دژی ژنان، جۆر و لایەنەکانی" ژنانی بەشداربووی پانێڵەکان وتیان: هۆشیاریی بەرامبەر بە ماف و ئەرکەکانی خۆت وەک ژنێک و ئاگاداربوونی یاساکان، ڕێگەیەکی باشە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
سلێمانی
نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی کۆنفرانسی شێخ فاخر شێخ طیب، لە پەیمانگای تەکنیکی کوردستان لە شاری سلێمانی بە چاودێری ڕاگرایەتی بەشی پەرستاری، پانێڵێک بە ناونیشانی "توندوتیژی دژی ژنان، جۆر و لایەنەکانی" و بە بەشداری زۆرێک لە خوێندکاران و مامۆستایان و بەشێک لە میدیاکاران بەڕێوەچوو.
پانێڵەکە لەلایەن ڕێزان نورەدین حەسەن، مامۆستای پەیمانگاکە بەڕێوەچوو، هەریەک لە سازیان تالیب ساڵح، ڕۆژنامەنووس و خاوەن ماستەر لە بواری میدیا، شیرین تاهیر عەزیز، سەرنووسەری گۆڤاری تەوار و خاوەن بەکالۆریۆس لە یاسا پێشکەشکرا.
لە بەشی یەکەمی پانێڵەکەدا شیرین تاهیر، سەبارەت بە دەستوور و یاساکان بوو لە بواری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان وتی: دەستوری عێراقی گونجاوە بۆ دۆخی ئێستای عێراق و کوردستان، بەڵام دەسەڵاتی عێراقی یاساکان لە بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت، کێشەی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ ئەوەیە کە هی سەردەمێکی ترە و لە دۆخی ئەو کاتەدا بڕیاری بۆ دراوە، بەڵام هەوڵدان بۆ هەمووارکردنەوەی لە ئێستادا کێشەی زۆری وەک زەوتکردنی منداڵی، پەروەردەی خێزانی و پێشێلکردنی مافی کەسی لێدەکەوێتەوە، وە هەندێ لە یاساکانی تری وەک کوشتن لە پێناوی شەرەف، کە سزاکەی ئاسانە، دەبێت سزاکەی وەک سزای هەر تاوانێکی تر قورس بێت بەبێ جیاوازیکردن.
لە بەشی دووەمدا سازیان تالیب سالح سەبارەت بە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە شوێنی کاردا قسەی کرد و وتی: توندوتیژی لە شوێنی کاردا هەموو ئەو زەبرانەن لە شوێنی کاردا بەر ژنان دەکەوێت و لە ئێستادا مەترسیدارترین دۆخی توندوتیژی هەیە لە بەرامبەر ژنان لە شوێنی کاردا، لە کاتێکدا مافی هەموو ژنانە کە شوێنێکی کار و ئابوورییەکی سەربەخۆمان هەبێت.
هەروەها وتیشی: توندوتیژی سەبارەت بە کار چەند جۆرێکە، یەکێک لەوانە هەموو ئەو ڕێگرییانەن کە لە ژنان دەکرێت بۆ ئەوەی کار نەکەن بە بیانووی جۆراوجۆری وەک دایکایەتی، یان هەبوونی بارۆدۆخێکی دارایی باش لێیان دەکرێت، لە هەمانکاتدا جۆرێکی تر لە توندوتیژی لە شوێنی کار بریتییە لە هەموو ئەو زەبر و گێچەڵە سێکسیی و زەبرە دەروونی و جەستەییانەن کە بەرامبەرییان دەکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ژنان لە کۆمەڵگە زۆرجار توشی ئەم بارودۆخانە دەبنەوە، زۆرجار لە شوێنی کارەکانیشییان بێدەنگی لێدەکەن، یاخود بە ئاسایی وەریدەگرن.
لە کۆتایی پانێڵەکەدا، لەلایەن بەڕێوبەری بەشی پەرستاری پەیمانگای تەکنیکی کوردستان، سوپاسنامە پێشکەش بە بەشداربووانی پانێڵەکە کرا.