خالیدە تورکئۆغڵو: دەبێت ڕێگای ئاشتی لە سووریا بکرێتەوە

خالیدە تورکئۆغڵو، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی ڕایگەیاند، کێشەی کورد کاتێک دەوترێت بوونی نییە، چارەسەر نابێت، ئەو سیاسەتانەی کە ڕێگری لە چارەسەری کێشەی کورد دەکات، دەبێت کۆتایی پێبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

خالیدە تورکئۆغڵو، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی و ئەندامی پەرلەمانی ناوچەی ئامەد، سەبارەت بە خاڵی سێیەمی پڕۆژە یاسای بودجەی حکومەتی ناوەندی ساڵی ٢٠٢٥ قسەی کرد، هەروەها  باسی لەوەشکرد، چەند ڕۆژێکە لەم کورسییەوە موناقەشە دەکەن بۆچی ئەو بودجەیەی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ ئامادەکراوە بودجەی خەڵک و ژنان و کرێکاران و منداڵان و گەنجان نییە و بۆچی ئەم بودجەیە ڕەتدەکرێتەوە و ئاگادارکرایەوە کە بودجەی وڵات بۆ شەڕ و سەرمایە نا، بەڵکو بۆ ئەوە بێت کە خەڵک بە ئازادی و یەکسان پێکەوە بژین.

 

"دەسەڵات و شەڕ قەیرانی قووڵتر کردەوە"

خالیدە تورکئۆغڵو سەرنجی بۆ ئەو دۆخە ڕاکێشا کە لە ٢٧ی مانگی ڕابردووەوە لە سووریا دەستی پێکرد و لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس سەریهەڵدا. خالیدە تورکئۆغڵو ڕایگەیاند کە بۆ ئەوەی قسە لەسەر ئەم دۆخە بکەین، پێویستە پێش هەموو شتێک ڕاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بزانرێت و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەو دەسەڵاتانەی لە خاکی خۆیاندا لەگەڵ خەڵکدا ئاشتی ناکەن، دەسەڵاتداری نەتەو-دەوڵەت، نەتەوپەرەستی و  ڕگەزگرایی وەک مەرجی بوونیان دەبینن. ژیانی خەڵک پێکەوە پەیوەستە بە بەڕێوەبردنی هاوبەش، ئەمە بۆ نکۆڵیکردن لە جیاوازی نییە، بەڵکو بۆ ناسینی هەموو کەسێکە بە باوەڕی، ناسنامە و زمانی خۆی.

 

" قوربانیانی شەڕ ناگۆڕدرێن"

خالیدە تورکئۆغڵو لە وەڵامی هاکان فیدان وەزیری دەرەوە کە وتی؛ "لە سووریا تەنها کورد نییە" وتی: "کورد هەزاران ساڵە لەو ناوچانەدا بە ناسنامە و بیروباوەڕ و گەلی جیاوازەوە دەژین و ئەو شوێنەی کە ئەو یەکگرتووییە کە زۆر زیندووە تێیایدا، باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، ئێستا ئەوانەی لەسەر یەکڕیزی پێشڕەوی دەکەن و دەیانەوێت نکۆڵی لە بوون و زمان و کولتووری گەل بکەن، نابێ لەبیریان بچێت کە پێش ئەوەی قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەن، سەد ساڵە ڕێککەوتنی تورکیا جێبەجێ دەکەن، لە شەڕەکاندا ئەکتەرەکان دەگۆڕدرێن، جوگرافیا و ناوچەکان دەگۆڕدرێن، بەڵام قوربانیانی شەڕ ناگۆڕێن.

 

"تاوانی مرۆڤایەتی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت"

خالیدە تورکئۆغڵو سەرنجی بۆ دیمەنەکانی ئەشکەنجەدانی ژنان لە سووریا لە لایەن چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا ڕاکێشا و وتی: بە هۆی هێرشی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا کە سیاسەتی تاڵانکردن و لەناوبردن بەڕێوەدەبەن، ژنان لە شوێنەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوپای سووریا، خۆیان ڕادەستی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد. لە کوێ دەستکەوتێکی کورد و ژن هەبێت، دەسەڵاتی سیاسی ئێوە بۆ ساتێکیش لە بەئامانجکردنی نەوەستاو، ئەمە سیاسەتی ناوخۆیی ئێوەیە و ئەمەش سیاسەتی دەرەوەی ئێوەیە".

 

هەروەها لە درێژەی وتارەکەیدا سەرنجی بۆ دۆخی پەنابەران ڕاکێشا و وتی: زیاتر لە ١٠ ساڵە شەڕی سووریا کاریگەری لەسەر ژیانی هەزاران ژن هەبووە. یەکێک لەو شوێنانەی کە زۆربەی ئەم هێرشانە تێیدا ڕوودەدات تورکیایە. هەر لە یەکەم ساتەوەختی ڕووخانی ڕژێم لە سووریا، هەواڵی گەڕانەوەی هاوڵاتیانی سووریا بە کۆمەڵ، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕاستییەوە نییە، هاتە ئاراوە. ڕۆشتن دەبێت لەسەر بنەمای خۆبەخشانە بێت. کەس ناتوانێت کەس ناچار بکات بچێتە شوێنێک. ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەم وڵاتەیە کە سەلامەتی ژنان و گەنجانی سووریا دەستەبەر بکات کە دەیانەوێت بچن.

 

"ئەو ژیانە نوێیەی ژنان بەڕێوەی دەبەن مەترسیدار نییە"

بۆیە ئێمە لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر دەستکەوتەکانی گەل و ژنانی سووریا، هاودەنگیمان لەگەڵ ژنانی ڕۆژئاوا ڕاناگرین. ئەو ژیانە نوێیەی کە ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزراندووە، مەترسی نییە بۆ سەر تورکیا. مۆدێلی رێوەبەری کە کورد، تورکمان، چەرکەس، عەرەب، عەلەوی، ئاشووری و خەڵکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە یەکسانی لەخۆدەگرێت، مەترسی نییە بۆ سەر ئەم وڵاتە. ئەم مۆدێلە راستیترین مۆدێلی بەڕێوەبردنە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانن بە ئازادی و یەکسانی پێکەوە بژین.

 

"دەبێت ڕێگای ئاشتییەکی شەرەفمەندانە لە تورکیا و سووریا بکرێتەوە"

ئەمڕۆ گەلی کورد و ژن و دایکانی ئاشتی کە پشتیوانی دیموکراسی و یەکسانی و ئازادی دەکەن، سنوور بۆ خەڵکی ڕۆژئاوا دەپارێزن. داوا دەکەن هێرشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دژ بە گەلی کورد بوەستێنرێت. ئەمرۆ گەورەترین پێویستی خەڵک، ژن وگەنج مسۆگەرکردنی ئاشییەکی  شکۆدارە. ئەوەی پێویستە بکرێت، زەمینە خۆشکردنە بۆ ئاشتییەکی شکۆمەندانە لە هەردوو وڵاتی تورکیا و سووریا. پێویستە کۆتایی بەو سیاسەتانە بهێنرێت کە سەرنجیان لەسەر کێشەی کوردە، گۆشەگیری لەسەر بەڕیز عەبدوڵا ئۆجالان لاببرێت و گفتوگۆ لەسەری بنیات بنرێت. نابێت کەس گومانی لەوە هەبێت کە ئێمە لەگەڵ ژنانی پێشەنگی شۆڕشی ڕۆژئاوا گەشە دەکەین کە بە تێکۆشانیان دژی چەتە تاریکەکانی داعش ئیلهامبەخش بوون بۆ ژنانی جیهان.