نەتەوە یەکگرتووەکان: دەوڵەتی تورکیا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات

کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی و سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکانی سووریا لە ڕاپۆرتە نوێیەکەیدا ئاشکرایکردووە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و گروپە گرێدراوەکانی دەکەونە ناو بازنەی تاوانەکانی جەنگەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی و سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە سووریا ئامادە کرد تیایدا ١ی کانوونی دووەم تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە خۆدەگرێت.

 

٥٧ەمین دانیشتنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٩ی ئەیلوول لە نووسینگەی جنێفی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەشداری ٣٨٥ کەس و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەستیپێکرد و لە ٩ی تشرینی یەکەم کۆتایی دێت. ئەو ڕاپۆرتەی کە پێشکەشی ئەو کۆبوونەوانە دەکرێت، لەسەر بنەمای ئەو لێکۆڵینەوەیانەیە کە لەو ناوچەیە ئەنجام دراون.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا جگە لە بارودۆخی سیاسی و ئابووریی سووریا، باس لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بە هۆی ململانێکانی ئەو وڵاتە کراوە و سەرنج بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و شەڕی ناوچەکانی ژێر داگیرکاری و تاوانە مرۆییەکان ڕاکێشرا.

 

"بەبێ دادپەروەری هێرش بەردەوامە"

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکانی سووریاوە گەورەترین قەیرانی مرۆیی ڕوودەدات و زۆرێک لە هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و ناوچەی نیشتەجێبوونی مەدەنی ئەنجام دەدرێن کە تاوانی جەنگن، زۆرێک لە ناوچەکانی وڵاتدا نادادپەروەرییەکانی وەک دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە، ئەشکەنجەدان، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، مردن لەژێر چاودێری و ئاوارەکردنی زۆرەملێی خەڵکی مەدەنی بەردەوامە. هەروەها بەهۆی شەڕی غەززە گرژیی نێوان هێزەکانی ناوچەکە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان زیادی کردووە و ڕاگەیەندراوە کە هێرشەکانی داعش زیادی کردووە.

 

"لە ناوچە داگیرکراوەکاندا تاوانی قورس ئەنجام دەدرێت"

لە ڕاپۆرتەکەدا بە وردی باس لە پێشێلکاریی مافەکان کراوە کە دەوڵەتی تورکیا لە ناوچە داگیرکراوەکان ئەنجامی دەدات و دیاری کراوە کە ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ و توندوتیژی سێکسی لە ناوچەکانی ژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە چەندین شێوازی ئەشکەنجەدانی توند کراوە و ئاماژە بەوە دراوە زۆرێک لە کەسانی دەستگیرکراو ڕاستەوخۆ لەلایەن میتەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا بە وردی باس لە تاوانەکانی چەتەکانی داعش لە ژێر ناوی SMO دەکات و چەتەکانی پەیوەست بەوەوە کراوە.

 

"حکومەتی تورکیا هێرشی کردە سەر شوێنە مەدەنییەکان"

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش کراوە و دیاری کراوە کە دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر خەڵکی مەدەنی و شوێنە مەدەنییەکان. هەروەها سەرنج بۆ هێرشە زۆرەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کۆبانێ، حەسەکە و قامیشلۆ ڕاکێشرا.

 

لەم ڕاپۆرتەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە تورکیا بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەموو ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی تاوانەکانی جەنگدایە.