نزیكەی ٢٥٪ـی دانیشتووانی عێراق لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین

بە پێی وتەی جێگری سەرۆکی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەكانی مرۆڤ عێراق، نزیكەی ٢٥٪ـی دانیشتووانی عێراق لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

ناوەندی هەواڵ

 

حازم ڕوداینی، جێگری سەرۆكی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەكانی مرۆڤ عێراق، سەبارەت بە بەرزی ڕێژەی هەژاری و هۆكار و مەترسییەكانی بۆ میدیا عێراقییەکان دوا و ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەو هەوڵە زۆرانەی حكومەت بۆ ئاوەدانكردنەوەی ڕێگاوبان و خانووبەرە و سێكتەرەكانی تر دەیدات، بەڵام پرسگەلێكی دیکەى گەورە هەیە، كە كاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتییانی عێراق هەیە، لەوانەش پرسی هەژاری و نەبوونی هەلی كار.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، داتاكانی وەزارەتی پلاندانان دەریدەخەن لە نزیكەی ٢٥٪ـی دانیشتووانی عێراق لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، كە دەکاتە زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس، هەروەها زیاتر لە یەك ملیۆن و ٦٥٠ هەزار كەسی بێكار لە وەزارەتی كار تۆماركراون.

 

دەشڵێت، هەرچەندە وەزارەتی كار لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری كۆمەڵایەتییەوە، مووچەی مانگانە بەسەر دوو ملیۆن خێزان دابەش دەكات، بەڵام زیاتر لە ملیۆنێك خێزان هەیە، بەڵام پێویستە حكومەتی عێراق كارى جددی بكات، بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی هەژاری و بێكاری لە عێراق بە داڕشتنی پلانێكی ستراتیژی بۆ پێنج ساڵی داهاتوو و تێیدا تیشك بخاتە سەر پاڵپشتیكردنی پیشەسازی و كشتوكاڵی نیشتمانی و كەمكردنەوەی هاوردەكردنی بەروبوومی كشتوكاڵی و پیشەسازی، هەروەها چاودێریكردنی كاری بیانی كە كاریگەری كردۆتە سەر بازاڕی عێراق.

 

لە کۆتایدا تیشکی خستەسەر پێویستی بەپەلەی خۆراک و ڕایگەیاند، بەپێی ئامارەكانی بەرنامەی خۆراكی جیهانی، دوو ملیۆن و ٤٠٠ هەزار كەس لە عێراق پێویستیان بە بەشەخۆراكی بەپەلە هەیە.