لە کۆیە هەڵمەتی نەمام چاندن بەڕێوەبرا

ڕێكخراوی هەناسەی سروشت بۆ ژینگەپارێزی لە شارۆچکەی کۆیە هەڵمەتێكی نەمام و درەخت چاندنی لە ڕۆژی ژینگەی کوردستاندا بەڕێوەبرد، سەرۆکی ڕێکخراوەکەش داوا دەکات، کە هەمووان لەپێناو ژینگەیەکی تەندروست برەو بە درەخت و ڕووەک و سەوزای بدەین.

کۆیە

 

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ١٦ی نیسان، ڕۆژی ژینگەی كوردستان، ڕێكخراوی هەناسەی سروشت بۆ ژینگەپارێزی لە شارۆچکەی کۆیە هەڵمەتێكی نەمام و درەخت چاندنی بە هەرەوەزییدا و بە هاوكاری چەندین خۆبەخش بەڕێوەبرد.

 

لە هەڵمەتەکەدا زیاتر لە ٦٠ نەمام و درەخت چێندران، شلێر سەعید، سەرۆكی ڕێكخراوی هەناسەی سروشت بۆ ژینگەپارێزی لە بارەی چالاکییەکەوە رایگەیاند، هەموو ساڵێك چالاكی جۆراوجۆریان لە ڕۆژی ژینگەدا هەیە، کە زیادكردنی سەوزایی لە سنوورەكە.

 

شلێر سەعید سەبارەت بە سوودەکانی چاندنی درەخت و ڕووەک و سەوزکردن وتی: چاندنی ڕووەک یارمەتیدەرە بۆ پاککردنەوەی کەشوهەوا لە هەموو ئەو گازە زیانبەخشانەی لە ژینگەدا هەیە، ئۆکسجین بۆ ناو هەوا زیاد دەکات و پلەی گەرمی دادەبەزێنێت، کە یەک درەخت وەک ئامێری سروشتی وایە، واتە یەک درەخت لە توانایدایە بەرهەمی ١٠ ئامێری فێنککەرەوە بەدەستبخات، هەروەها لە بواری کشتوکاڵدا بە سوودە و ڕێگرە لە فەوتاندنی گیاندار و مێرووەکانی سەر زەوی و هەڵمژینی گازە زیانبەخشەکان کە لە هەوادا هەیە وەک گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و کبریت و گۆڕینی بۆ ئۆکسجین.

 

لەكۆتایدا شلێر سەعید ئاماژەی بەوەكرد، بەڵێنیان وەرگرتووە لەو شوێن گەڕەكانەی نەمامیان لێچاندووە پارێزەری نەمامەکان بن و ئاوی بدەن، چونكە گرنگی لە نەمام چاندن خزمەتكردن و ئاودانیەتی تا گەورە دەبێت، وتیشی: با هەمووان لەپێناو ژینگەیەکی تەندروست برەو بە درەخت و ڕووەک و سەوزای بدەین.

 

دیاریكردنی ١٦ی نیسان وه‌ك ڕۆژی ژینگه‌ی‌ كوردستان، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بەکارهێنانی یه‌كه‌م هێرشی چه‌كی كیمیایی له لایه‌ن رژێمی به‌عسی عێراقه‌وه‌ كه‌ له ١٦ی نیسانی ١٩٨٧دا شێخ وه‌سانان و بالیسان و گونده‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی به‌ چه‌كی كیمیایی بۆردوومان كرد و زیانی گه‌وره‌ی به‌ ژینگه‌ی كوردستانیش گه‌یاند.