لە چلەی ماتەمینی ماریادا هەمووان وتیان "لەبیرت ناکەین"

٤٠ ڕۆژ بەسەر کوشتنی ماریا سامدا تێپەڕی و تا ئێستا دادگاکان نەیانتوانی کەیسی کوشتنی ماریا بەلایکدا بخەن، دوێنێش بە دروشمی "لەبیرت ناکەین" لە شوێنی کوشتنی ماریا و سەر گۆڕەکەیدا یادکرایەوە.

هەولێر

 

ئیمان سامی مەغدید، ناسراو بە ماریا سا‌م، لە شەوی ٦ی ئادار و دوو ڕۆژ پێش ڕۆژی جیهانی ژنان لە شەقامی ١٠٠ مەتری شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە کوژراوی دۆزرایەوە، هەواڵی کوشتنی ماریا سام هەر زوو باشوری کوردستانی هەژاند و کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.

 

ئەگەرچی لە ڕۆژی ٩ی ئاداردا پۆلیسی کەرکوک دەستگیرکردنی بکوژی ماریا کە براکەی خۆی بووە و دوای ڕووداوەکە هەڵهات، ڕاگەیاند، بەڵام تا ئێستا لە دادگادا بەڕێوەچوونی کەیسی ماریا بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکراوە.

 

دوێنێ ١٦ی نیسان چلەی ماتەمینی ماریا سام بوو، لە شاری هەولێر بە دروشمی "لەبیرت ناکەین" چالاکوانان، مامۆستایانی زانکۆ و ئازادیخوازان و هاوڵاتیان چوونە شوێنی کوشتنی ماریا  و گوڵیان لە شوێنەکەی دانا.

 

"کوشتنی ژنان کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە هەیە"

چیمه‌ن نامیق، نوێنه‌ری ڕێکخراوی هه‌نگاوی نوێ لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها وتی: "تکایە با کوشتنی ژن رابگیرێت لەسەر کۆمەڵگا، ئه‌م كوشتنكاریه‌ کاردانەوەیەکی قێزەون لەسەر باری کۆمەڵایەتی خەڵک دروستده‌كات."

 

فه‌همی نه‌بی، مامۆستای زانكۆ، بۆ نوژنها ئاماژەی بەوەدا ماریا یەکێکە لە قوربانیانی دەستی کۆمەڵگا، دەبێت حکومەت بێتە سەر خەت، تاکو چیتر ئەم تاوانانه‌ بەرامبەر بە ژن نەکرێت.


 

لەلایەکی دیکەوە هەر دوێنێ لە شاری هەولێر کۆمەڵێک لە هاوڕێ و چالاکوانان لەسەر گۆڕی ماریا سام لە گۆڕستانی کەسنەزان، بە داگیرساندنی مۆم و دانانی تاجەگوڵینە چلەی ماتەمینی کوشتنی ماریایان بەرز ڕاگرت و داوایان کرد کە بکوژانی ژن سزا بدرێن.