"سیستمی پیاوسالاری بۆ ئەوەی بەردەوام بێت ستەم لە ژنان دەکات "

دڵشاد باری چالاکوان دووپاتی کردەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران یاسای دژە ژنانیان پەسەند کردووەو بە بیانووی جێبەجێکردنی پرەنسیپەکانی یاسای ئیسلامی بەردەوام توندوتیژییان لە دژی ژنان چڕتر کردووەتەوە.

ژینۆ درەخشان

 

سنە- حیجاب لە ئێراندا ئامڕازێکە بۆ چەوساندنەوەی ژنان و دەبێتە هۆی زەوتکردنی مافە مرۆییەکانیان، سیستمی پیاوسالاری پێویستی بە چەوساندنەوەی ژنان هەیە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، ستەمیش تێکەڵەیەک کە سەرەتا بە ستەمێکی نەرمەوە دەست پێدەکات و دواتر دەگاتە بەشە سەختەکە، پرسی هەڵبژاردنی جلوبەرگی ژنان و حیجاب یەکەم و دیارترین مافە کە ژنانی ئێرانی ساڵانێکە لێی بێبەش کراون.

 

"حیجاب بابەتێکی گرنگ نییە، درۆیەکی گەورەیە"

 دڵشاد باری، ڕاوێژکار و چالاکوانی مافی ژنان دووپاتی کردەوە حیجابی ناچاری لە سەردەمی شۆڕشی ئێرانەوە ئامڕازێکە بۆ چەوساندنەوەی ژنان، بەڵام خەبات و دژایەتی بەشێک لە ژنان بەرامبەر بەم زۆرەملێیە بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە، لەوانەش ڕەتکردنەوەی حیجاب لەبەرکردن و لابردنی حیجاب، و دژایەتیکردنی سیستمی پیاوسالاری بە هەر شێوەیەک بێت، وتی: بە بۆچوونی من حیجاب دەبێتە هۆی جیاکاری و ژنکوژی، جگە لە دەرکەوتنی دەرەکی، درۆیەکی گەورەیە و پرسێکی گرنگ نییە تا ئەوکاتەی مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگەکانمان نەبێت کە کەسیترین هەڵبژاردەی تاکەکەسیمانە، نابێت چاوەڕێی ئەوە بین مافی بەناو گەورەترمان هەبێت، لە دوو مافی بنەڕەتی "خاوەندارێتی جەستە" و "ئازادی بیروبۆچوون" کە یەکێکن لە گرنگترین مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتداران یاسای دژە ژنانیان گرتەبەر و بە بیانووی جێبەجێکردنی پرەنسیپەکانی یاسای ئیسلامی، توندوتیژی بەرامبەر ژنیان بەهێزتر و فراوانتر کرد، هەر لە ساتی لەدایک بوونیان تا ئەو کاتەی بە زۆرەملێ هاوسەرگیریان پێدەکەن، بە کوشتنی ژنان و دەستدرێژی زایەندی و هەزاران حاڵەت نوێنەرایەتی دەکرێت و بە ئاشکرا لە کۆمەڵگەدا بوونی هەیە و زیاتر لە ناوچەکانی کوردستاندا باوە و بە ئەنقەست ژنان سنووردار دەکات.

 

"ژن لاواز دەکەن"

 ئەو چالاکوانە وتیشی: ئەو هەوڵانەی دراوە بۆ پەسەندکردن و یاسادانان بۆ ڕەشنووسی یاسای پشتگیریکردنی خێزان لە ڕێگەی پێشخستنی کولتووری پاکیزەیی و حیجاب کە بە ڕەشنووسی یاسای پشتیوانیکردن لە "حیجاب و پاکیزەیی" ناسراوە، ڕێکارێکی نوێیە بۆ دەسەڵات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان، حیجاب لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە هەڵبژاردنی کەسییە، لە کاتێکدا لە ئێران بووەتە ناچاری و بەبیانووی ئەوەی ئەوان لاوازن و لە ئەنجامدا دەیانەوێت بە سەپاندنی حیجاب بەسەریاندا پارێزگارییان لێبکەن، ئێستا نەبوونی سەرکەوتن لە هەموو بوارەکاندا و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و ئالوودەبوون و لەشفرۆشی و بێکاری و چەندین بابەتی دیکە هەیە، بەبۆچوونی من ئەگەر بتوانرا لەم بوارەدا بۆچوونی جیاواز بخرێتە بەر باس و بخرێتەڕوو، حیجاب نەدەبووە کێشە بۆ ژنان و دەسەڵات کە بە زەبری هێز بەسەر ژناندا بسەپێندرێت، ئازادی بۆ هەڵبژاردنی شێوازی ژیان، بە تایبەت لە بابەتە کەسییەکاندا، هەر وەک چۆنیەتی جل و بەرگ ئەوە ئامرازێکە بۆ کەرامەت و شەرەفی مرۆڤایەتی، کە بەداخەوە لێرە لە ئێران لێمان وەرگیراوە.

 

دڵشاد باری ئاماژەی بەوەشکرد، سیستەمی پیاوسالاری پێویستی بە چەوساندنەوەی ژنان هەیە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی شێوازی مامەڵەکردنی ئیسلام لەگەڵ ئەمەدا زمانی هاندان بێت نەک هەڕەشەکردن لە هەر نەریتێکدا، دەوترێت جل و بەرگ ئەوەیە کە بەشەکانی تری جەستە دادەپۆشێت، سەرپۆشیش ناگرێتەوە، لێکدانەوەی کۆمەڵگەکەمان بۆ ڕووتیش توندڕەو و ناکولتوورییە، سەر ڕووتی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کێشە نییە و ئەمەش لە سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەبیندرێت، ئامانجی ژنانی کورد جیابوونەوە بوو لە ژنانی دیکە و بە دوای ئازادی و مافەکانی خۆیاندا دەگەڕان، لە ڕاستیدا وێژەی کوردی ژن بە "ژنانی ئازاد و چالاک" ناودەبات.

 

"جەوهەری چیرۆکەکە لە کولتووری کوردیدا ئازادی و ڕێزی ژنە ، نەک سەرکوتکردن"

لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە جەستە و قژ و دەنگی ژنە لە هیچ کام لەو چیرۆک و هۆنراوانەدا ناچنە ژێر سانسۆرەوە و جەماوەر گوێیان لێدەگرن بەبێ ئەوەی ئەوە بە شەرمەزاری بزانن، چونکە گەورە بوون لەگەڵ ئەم کولتوورە، و ئەگەر لە ئاستی کۆمەڵگەدا تووشی دۆخێک ببینەوە کە نیشانەی پێشێلکردنی ئازادیی ژنان پێکدەهێنن، ئەوا ئەوە بە هۆی کاریگەری بیرۆکە ئایدۆلۆژییە ئیسلامییە پیاوسالارەکانەوەیە، جەوهەری چیرۆکەکە لە کولتووری کوردیدا ئازادی و ڕێزی ژنە ، نەک سەرکوتکردن و ڕێگریکردن لە ئارەزووەکانیان.