"خۆبەڕێوەبەری گەلان لە سیاسەتی قڕکردن دەپارێزێت"
ژنانی کورد و عەرەب سەرنجیان بۆ ڕاپەڕینی ١٢ی ئادار ڕاکێشا و ڕایانگەیاند، یەکڕیزی گەلان وەڵامی سیاسەتەکانی دابەشبوون و چەوساندنەوەیە، سیستمی خۆبەڕیوەبەری گەلان لە سیاسەتەکانی قڕکردن و ستەم دەپارێزێت.

ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- ڕۆژی ١٢ی ئاداری ٢٠٠٤، تیپی جیهادی کوردی و تیپی فەتوای دێرەزوور ە یاریگای شاری قامیشلۆ لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا یارییەکی تۆپی پێیان ئەنجامدا، لە ئەنجامدا تیمی فەتوا کە خۆیان بۆ شەڕ ئامادە کردبوو، بەردیان لە ناو چەکەکانیاندا شاردەوە و پێکدادان دروست بوو، دوای ئەوە هاندەرانی تیمی جیهاد لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە تەقەیان لێکرا و ئاژاوە دروست بوو و دەیان گەنجیش گیانیان لەدەستدا، ڕژێمی بەعس سیاسەتی چەوساندنەوە و وەدەرنانی و نکۆڵیکردن لە دژی گەلی کورد پەیڕەو کرد و ڕاپەڕین دژی ئەمە هەڵگیرسا، ژنانی بەڕەچەڵەک کورد و عەرەب هەڵسەنگاندنێکیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد سەبارەت بە ڕووداوە بەردەوامەکان.
'ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس دەرئەنجامی ڕاپەڕینی ١٢ی ئادارە"
هێڤین محەمەد، چالاکوانی کورد ڕایگەیاند، زەمینەی ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس بە ڕاپەڕینی ١٢ی ئادارو هاوپشتی گەلان داندراو وتی: هەموو شەهیدانی ڕاپەڕینی ١٢ی ئادارمان لەبیرە، ڕژێمی بەعس ویستی لە ڕێگەی ئەم یارییەوە سەرلێشێواوی لەنێوان پێکهاتەکانی کورد و عەرەب دروست بکات و لە ڕێگەی پیلانگێڕییەوە سیاسەتی جینۆساید و دووبەرەکی لە سووریا جێبەجێ بکات، بەڵام ئەمڕۆ لە سایەی بیرکردنەوە و بیرۆکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان و سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هاودەنگی و یەکڕیزی گەلان بەهێزتر بووە، ئەوانیش وەڵامی سیاسەتی جینۆساید و دابەشبوونیان داوەتەوە ئەنجامەکەی ڕووخانی ڕژێمی بەعس بووە.
"هاودەنگی دەستکەوت لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت"
لە درێژەی قسەکانیدا، هەڤین محەمەد وتی: لە سووریایەکی مۆزایکدا پلان و سیاسەتی دابەشبوون و شەڕی ناوخۆ قبوڵکراو نییە و ڕاپەڕینی قامیشلیۆش ئەمەی سەلماند، ئەمڕۆ دەبینین ئەو پیلانگێڕییەی لە ساڵی ٢٠٠٤دا هەوڵی ئەنجامدانیان دا لە کەناراوەکانی سووریا لەلایەن جیهادییەکانی ئێچ تی ئێسەوە بەردەوامە. ئێمە ئەم کۆمەڵکوژییە ئیدانە دەکەین و ڕێگە نادەین هیچ سەرلێشێواوییەکی زیاتر لە نێوان پێکهاتەکاندا دروست بێت. چونکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یەکگرتوویی پێکهاتەکان دەستکەوتی لەگەڵ خۆیدا هێنا، هەر بۆیە دەمانەوێت سیستمێکی نەتەوەی دیموکراتیک لە سەرتاسەری سووریا دابمەزرێت بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان لە سیاسەتی جینۆساید و دابەشبوون بپارێزرێن.
"سیستمی خۆبەڕێوەبەری دەبێت گەل لە سیاسەتی جینۆساید و ستەم بپارێزێت"
زەهرا عەلی لە پێکهاتەی عەرەب، ڕایگەیاند، سیستمی خۆبەڕێوەبەری چارەسەری بنەڕەتییە، ڕێگری لەو سیاسەتانە دەکات کە ئامانجیان ئاژاوەگێڕی و فیتنەیە و وتی: ١٢ی ئادار ڕۆژێکی پڕ لە ئازارە، ڕژێمی سووریا ویستی ئاژاوە لە نێوان کورد و عەرەبدا دروست بکات و سیاسەتە پیسەکەی جێبەجێ بکات، لەڕاستیدا بۆ سووریا کە پێکهاتە و مەزهەب و ئایین و بیروباوەڕی زۆری هەیە، قبوڵکراو نییە بۆ سیاسەتێک کە بەشێوەیەکی یەکسان و یەکدەنگ بەڕێوەبچێت و لەسەر بنەمای جینۆسایدی گەلان بنیات بنرێت و لەسەر بنەمای ئاژاوەگێڕی بێت، بۆیە ئێمە پێمان وایە کە چارەسەری بنەڕەتی بۆ سووریا سیستمی خۆبەڕێوەبەرییە کە مافی بە نەتەوە و ئایین و بیروباوەڕ و مەزهەب و گروپەکان دەدات بە ئازادی لەسەر خاکی خۆیان بژین، ئەو ڕووداوانەی کە لەلایەن هەتەشە لە کەناراوەکانی سووریا دژی گەلی عەلەوییەکان ئەنجام دەدرێن، درێژەپێدەری سیاسەتەکانی جینۆساید و دابەشبوونە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، زەهرا عەلی داوای لە هەموو گەلانی سوریا کرد کە هاودەنگی و یەکڕیزی لە دژی سیاسەتەکانی جینۆساید و ئینکاری دروست بکەن و ئاستی خەبات بەرز بکەنەوە.