خۆبەخشەکان شەو و ڕۆژ لە گورگوم کار دەکەن
دوای ئەوەی کە هەماهەنگیی قەیرانی بوومەلەرزە دروست بوو، بەئامانجی پشتیوانیکردنی چەندین کەس، سالیحە ئەیاتا چوو بۆ بازاڕجیخ و وتی: "دەوڵەت لێرە یارمەتی خەڵک نادات پێویستە لە هەموو بوارێکدا هاوکاری و پشتیوانی زیاد بکرێت".
مەدینە مامەدئۆغڵو
گورگوم-بەهۆی بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، ملۆیانان کەس زیانیان بەرکەوتووەو دەیان شار وێران بوون، زیاتر لە ١٦ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوەو دەیان هەزاریش برینداربوون، لەو شارانەی کە تا ئێستا خەڵک لەژیر بیناکاندان، هەوڵی ڕزگارکردن بەردەوامە و ئەوانەی ماڵەکانیان تێکچووە ئاوارەبوون و برسی بوون، هەزاران هاووڵاتی خۆبەخش لە هەلومەرجێکی سەختدا کار دەکەن، لە ئامەد، کۆمەڵەی گەنجانی هەدەپە، چالاکوانانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، کۆمەڵەی ڕۆشنبیری و هونەری و وێژەیی (KASED) و هونەرمەندانی شانۆی شاری ئامەد چەند ڕۆژێکە لەسەر مێزی قەیران کار دەکەن.
"بۆ پشتگیری کردن ئێمە هاتووین بۆ ئێرە"
ئەو خۆبەخشانەی هاتوونە شارەکە بە شەو و ڕۆژ بەردەوام خەریکی کۆکردنەوە و دابەشکردنی ئەو پێداویستییانەن کە نێردراون و هەوڵ دەدەن بگەنەە گوندەکان، ساڵیحە ئەیاتا، کارمەندی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری و هونەری و ئەدەبی (KASED) ئاماژەی بەوەدا کە دۆخەکە زۆر خراپە و پێویستە ئەو پشتیوانییە زیاتر بکرێت، وتی: "لیرە لە هەدەپە و تەژەئاو ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپە هاوڕێیان هەن، پێکەوە، ئێمە ئەو ماددانە کۆدەکەینەوە و دابەشی دەکەین کە دەگەن، بارودۆخی ئێرە زۆر خراپە لە لایەکەوە خەڵک تەرمەکانیان بەخاک دەسپێرن، لە لایەکەوە لە سەرما و بەفردا دەژین، زۆر گوند هەن کە ئێمە نەگەیشتووین و هاوڕێمان هەیە کە دەچنە گوندەکان بۆ دابەشکردنی یارمەتی ئێمە لەو شوێنە کار دەکەین کە پێی دەگەین".
"دەوڵەت یارمەتی خەڵک نادات"
ساڵیحە ئەیاتا، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە هیچ پێداویستییەکی سەرەکی هاوڵاتیان نییە، ماوەی چەند ڕۆژێکە ئاو نییە و خەڵکێکی زۆر لە دۆخێکی خراپدان، لە دوای بومەلەرزەکە منداڵەکان لەگەل خێزانەکانیان لەبەر سەرمادان، وتی: " هەرچەندە چوار ڕۆژ تێپەڕیوە، دەتوانم بڵێم کە هیچ یارمەتییەک بۆ خەڵکی ئێرە لە دەوڵەتەوە نەبووە، گەورەترین کێشە بۆ خێزانەکان ئەوەیە کە ئێستا هیچ شوێنێک نییە بۆ مانەوە، هیچ ئاو و کارەبا و سوتەمەنی نیە بارودۆخەکە زۆر قورسە بۆ ژنان، ئافاد چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە نادۆزێتەوە".
"پێویستە پشتگیری بەردەوام بێت"
ساڵیحە ئەیاتا، داوای پشتیوانیی لە هاوڵاتیان کردکە بەردەوام بێت و وتی: "ئێمە لێرە لەگەڵ هەڤاڵانمان کاردەکەین بۆ ئەوەی سەرلەنوێ ژیان دەستپێبکەینەوە زۆربەی خەڵک پێویستیان بە خواردن و ئاو و چادر و پیداویستی منداڵانە، خەڵک لە گوندەکانەوە دێن و ئەوەی پێویستیانە لێرە وەریدەگرن، هەم بارودۆخی خەڵک لەگوندەکان و هەم لە شارۆچکەکە زۆر خراپە، پێویستە پشتیوانی و یارمەتی لە هەموو بوارێکدا زیاد بکرێت".