خەباتی ژنانی عێراق بۆ مافەکانیان بەردەوامە
ڕای گشتی عێراق لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ کەوتووەتە شەڕێکەوە، لە کاتێکدا ماف و دەستکەوتەکانی ژنان لەگەڵ گۆڕانکارییەکەدا پشتگوێ دەخرێن، خەباتی ژنان بە سەرکردایەتیکردن لە زیادبووندایە.
ڕۆژبین دەنیز
ناوەندی هەواڵ- هەرچەندە پێشکەوتن و خەبات بۆ مافەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە لەگەڵ یاسای مەدەنیدا ناگونجێت، بەڵام هەندێک یاسا توانیان پارێزگارییەکی بەشەکی بۆ ژنان دابین بکەن، بەو شۆڕشانەی کە جیهان شاهیدی بوو، ژنان توانیان لە ڕێگەی یاساوە بەشێک لە مافەکانی خۆیان بەدەست بهێنن.
مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لەگەڵ دروستبوونی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا ڕوون و قبوڵکران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، هەروەها ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک لە دژی ژنان "CEDAW" وەک پێوەرێک بۆ یەکسانی ژنان لە ماف و ئازادییەکاندا دەردەکەوێت، بەڵام ڕێبازی سیاسیی دەسەڵاتداران لە دابینکردنی ماف و ئازادیەکاندا بە ئاسانی ناتواندرێت تێپەڕێنرێت، زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە یاسای ئیسلامییان گرتەبەر، ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک لە دژی ژنان واژۆیان نەکردووە، هەرچەندە ١٨٩ وڵات جگە لە ئێران و سودان ڕێکەوتنەکەیان پەسەند کردووە و خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ناڕەزایەتی هەیە بەرامبەر بە پێدانی هەمان مافی پیاوان بە ژنان لە هاوسەرگیری و سەرپەرشتیکردندا، ئامانجی ئەو ژنانە بە شەڕکردن لە وڵاتەکانیان چەند گۆڕانکارییەکی بەرجەستە بهێننە ئاراوە.
خەبات بۆ یەکسانی
ڕەگ و ڕیشەی قووڵی مێژوویی ئیسلامی سیاسی، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاریگەرە، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ژنانی ئەمڕۆ هەیە کە ناتوانرێت بە کەم سەیر بکرێت، لە لایەک ئیسلامی سیاسی و لە لایەکی تریشەوە فێمینیزمی ڕۆژئاوا و مۆدێرنیتی لیبراڵ، بەسەر ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەسەپێندرێن، ئەو سیاسەتەی لە ڕێگەی ژنانەوە جێبەجێ دەکرێت، بەرەو گۆڕەپانێکی تیژ دەیانبات، لە کاتێکدا ڕەتکردنەوەی فێمینیزم یەکسانە بە پاراستنی بەها ئیسلامییەکان، بەڵام یاساکانی شەریعەت کە لە لایەن ئیسلامی سیاسییەوە سەپێندراون، ژنان پاڵدەنێن بۆ کۆیلایەتی.
بزووتنەوەکانی ژنان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شۆڕشی ژنانی کورد کە جێپەنجەی خۆی لەسەر ئەم سەردەمەی قووڵبوونەوەی ژنکوژی بەجێهێشت و بەشداری ژنانی پێشەنگ کە لە چوارچێوەی ناوچەکەدا گەشە دەکەن، لە پێوەندی لەگەڵ مافەکانی ژنان هەندێک سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، ژنان لە هەموو بوارەکاندا دژی سیاسەتی پەراوێزخستن لە ڕێگەی یاساوە خەبات دەکەن بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی ڕەگەزی.
یاسا لەژێر هەڕەشەدا
هەرچەندە لە یاسا مەدەنییەکان و بوارەکانی یاسای خێزان وەک هاوسەرگیری، میرات و سەرپەرشتیکردنی منداڵ هەوڵی هەندێک چاکسازی لە مافی مرۆڤ دراوە، بەڵام هێشتا زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ هەنگاوێکیان لەم ڕووەوە نەناوە، ئوردن، کوێت، قەتەر، سعودیە و ئیمارات لەو وڵاتانەن کە ژنان ناتوانن بە تەنیا هاوسەرگیری بکەن و پێویستیان بە ڕەزامەندی دایک و باوک یان سەرپەرشتیاریان هەیە، لەلایەکی دیکەوە عێراق بە پەسەندکردنی یاسای باری کەسێتی، نیشانیدا کە خاوەنی دیموکراسیترین دەستوورە لە عێراقدا، بەڵام ناسەقامگیریی عێراق لەڕووی جێبەجێکردن و قبوڵکردنی یاساکانەوە کێشە دروست دەکات یاسای نیشتمانی باری کەسی کە لە ساڵی ١٩٥٩ دەرچووە، هەڕەشەی گەڕانەوە بۆ دادگاکانی شەریعەتی لەسەرە، لە کۆتایی مانگی تەمووزەوە، ڕای گشتی عێراق لەسەر پێشنیارکراوی "هەموارکردنەوە" بۆ یاساکە شەڕێک دەستپێدەکات، ئەگەر گۆڕانکارییەکان قبوڵ بکرێن، زیان بە ژنان و منداڵ و خێزانەکان دەگەیەنن، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لاواز دەکەن و لە هەمووی گرنگتر ژنان لە مافە بەشەکی بەدەست هێنراوەکانیان زەوت دەکەن.
یاسای باری کەسێتی عێراقی چۆن پەرەی سەند؟
لە ساڵی ١٩٥٩ عێراق یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی دەرکرد، کە لەلایەن پارێزەران و شارەزایانی دەستوورەوە ئامادەکرابوو و لەلایەن "زانایانی ئایینی" پێداچوونەوەی بۆ کرا، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئیسلام یەک یاسای نییە، ئەوانەی بەرپرسیارن لە داڕشتنی یاساکە ئەو یاسایەیان هەڵبژارد کە لەگەڵ کۆمەڵگای هاوچەرخی عێراقدا بگونجێت، بە لەبەرچاوگرتنی یاسای ئیسلامی بۆ چوار مەزهەبی سوننە و دوو مەزهەبی شیعە و پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان، بە سوودوەرگرتن لە پێوەرەکانی دیموکراسی، و دابینکردنی ماف و پاراستنی زیاتر بۆ ژنان و منداڵانی ناو خێزان، یاساکە ئارەزوومەندانی لە دیاریکردنی پێگەی خێزان هەڵوەشاندەوە، عێراقی لە ژێر یەک یاسای حوکمڕانیدا یەکخست و هەمان ڕێساکانی بە یەکسانی بۆ هەموو خێزانە موسڵمانەکان جێبەجێکرد.
لە یاسای ژمارە ١٨٨ بە مەبەستی دەستەبەرکردنی یەکێتی دادوەری لە بابەتە خێزانییەکان، هەموو هاوسەرگیرییەکان لە چوارچێوەی سیستمی دادگای مەدەنیدا ئەنجام دەدرا و هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا بە تاوان هەژمار دەکرا، تەمەنی هاوسەرگیری بە ١٨ ساڵ داندرابوو، مەرجی توندیش بۆ فرەژنی داندرا، بۆ زامنکردنی مافی منداڵان و ژنان، مادەکانی پەیوەست بە سەرپەرشتیکردنی منداڵ و میرات و نەفەقە زیادکران، جگە لەوەش بەدرێژایی ساڵان گۆڕانکاری زۆر لە یاساکەدا کراوە بۆ ئەوەی یەکسانی زیاتر لە پەیوەندییە خێزانییەکاندا بهێندرێتە ئاراوە.
داوای گەڕانەوە بۆ یاساکانی شەریعەت دەکات
هاوینی ٢٠٠٤و پاش ماوەیەکی کەم لە داڕمانی تەواوەتی دەسەڵاتی بەعس لە عێراق و پێش پەسەندکردنی دەستووری نوێی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥، پیاوانی ئایینی شیعە داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ١٨٨ و گەڕانەوە بۆ یاسای ئیسلامیان کرد.
ژنانی عێراق هەڵمەتی جۆراوجۆریان لە دژی ئەم هەنگاوە کۆنەپەرستانە دەستپێکرد کە زیان بە هەموو کۆمەڵگە دەگەیەنێت، ئەو فشارە چڕانەی کە لەلایەن کەمپینەکانی ژنانەوە ئەنجام دەدرا، گروپە دیموکراسی و ڕۆشنبیرەکانی پشتیوانیان و هەندێک لە سەرکردەکانی بیروڕا تەنها سەرکەوتنی بەشەکییان بەدەستهێنا، جگە لەوەش لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥دا، پیاوانی ئایینی ئیسلامی توندڕەویش هەندێک هەنگاویان ناوە بۆ دەستوەردانی بەشێک لە یاساکە، ئەم هەنگاوانە کاریگەرییان لەسەر دەستووری یاسایی هەبوو، بەڵام نەزانی دەسەڵاتی دادوەری لە هەندێک هەڵوێست یاسای ئیسلامی لە عێراقدا بە زیندووی هێشتەوە.
هەوڵی بێکۆتایی
بەگوێرەی ماددەی ٤١ی دەستوور، عێراقییەکان ئازادیی ئەوەیان هەیە پابەندبن بە یاسای بنەماڵەیی بەپێی ئایین، مەزهەب، یان بیروباوەڕەکانیان، یان پابەندبن بە باری کەسیی خۆیانەوە بەپێی ئارەزووی خۆیان، ئەم یاسایە لەلایەن یاسای باری کەسییەوە پشتگیری دەکرێت، بەڵام لە ساڵانی دواتردا ٤١ مەزهەبی سوننە و ١٢ مەزهەبی شیعە چەندین جار بانگەوازیان لە پەرلەمان کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماددەی ٤١ی دەستوور و پەسەندکردنی یاساکانی شەریعەت بەو پێیەش ئەو پرسە چەند جارێک خرایە کارنامەی پەرلەمان و هەرجارەیان، گروپەکانی ژنان، دیموکراتەکان، . ڕۆشنبیران و چالاکوانان کە بە دەستپێکردنی هەڵمەتی بەرپەرچدانەوەی پشتگیریان کرد، ئەم هەڵمەتانە ئەنجامی لێکەوتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە یاساکەدا نەکرا.
ئەو حکومەتەی کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ بەڕێوەچوو، پێکهێندرا، لایەنە شیعەکان زاڵ بوون و نوێنەرانی کۆنەپەرستی شیعە کە زۆرینەی پەرلەمان پێکدەهێنن، پێشنیارێکیان کرد بۆ "هەموارکردنەوە"ی یاسای باری ژمارە ١٨٨ لە مانگی تەمووزدا پێشکەش بە پەرلەمان کرا، ئەوان بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ماددەی ٤١ی دەستوور لەگەڵ بیروباوەڕی ئایینی و ئازادییەکانی دەستووردا ناکۆکە، هەروەها داوای “هەموارکردنەوە”ی یاساکە و هێنانەکایەی بڕگەکانی شەریعەتیان کردووە، ئەگەر ئەم پێشنیازە لە پەرلەمان قبوڵکرا، داوا کرا کە یاساکە بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە و چەند بڕگەیەکی نەنووسراوی شەریعەت لە شوێنیدا بگۆڕدرێت، بەم گۆڕانکارییە، ڕۆڵی ڕێکخستنی و سەرپەرشتیاری دادگاکان لە "ئاگاداری" خێزانەکەدا هەڵدەوەشێتەوە و دەتواندرێت هاوسەرگیری ڕاستەوخۆ لەلایەن "پیاوە" ئایینییەکانەوە بکرێت بەبێ ئەوەی لە دادگاکاندا تۆمار بکرێت.
دەستدرێژی و هاوسەرگیری کاتی
هەروەها پێکهاتەی شیعە دەیانەوێت ڕێگە بە هاوسەرگیریی کاتی بدەن، کە جۆرێکە لە هاوسەرگیریی کاتی کە لە ڕووی تیۆریەوە دەتوانێت لە کاتژمێرێکەوە تا چەند ساڵێک بەردەوام بێت، ئەم هاوسەرگیرییە بوارێک بۆ گەشەسەندنی لەشفرۆشی و لەشکڕین لە کۆمەڵگەدا دروست دەکات و جەستەی ژنان "بازاڕ"ی تێدا بکرێت، گۆڕانکاری لە یاساکەدا ڕێگری دەکات لە بڕیاردانی ژنان سەبارەت بە بوون و جەستەی خۆیان، و وایان لێدەکات ڕووبەڕووی پەراوێزخستن ببنەوە لە کۆمەڵگەدا. لەم قۆناغەدا یاسا دان بە هاوسەرگیری کاتیدا نانێت.
بەپێی یاساکە دەبێت داواکاری جیابوونەوە بەپێی هەندێک مەرج و ڕێکار پێشکەشی دادگا بکرێت، بەپێی شەریعەتی ئیسلامی هیچ ڕێسایەکی جێگیر و ستاندارد بۆ جیابوونەوە نییە، مافی ژنانی جیابووەوە بە گشتی لە نێوان مەزهەبەکاندا بە شێوەیەکی جیاواز باس دەکرێن، بەپێی شەریعەتی ئیسلامی، بڕیاری جیابوونەوەی ژن تەنها لەلایەن ئەو مەزهەبەوە دەدرێت کە سەر بە ژنە، ژن وەک بڕیاردەر سەیر ناکرێت، بەپێی یاسای ئێستا یاسای ژمارە ١٨٨، تەمەنی هاوسەرگیری بە ١٨ ساڵ دیاری کراوە، یاسای ئیسلامی لە کۆمەڵگەی سوننە و شیعەدا تەمەنی شایستەیی هاوسەرگیری لە تەمەنی هەرزەکاریدا دیاری دەکات، تەمەنی گەورەبوون لەلایەن پیاوانی ئایینیەوە بۆ کچان ٩ ساڵ و بۆ کوڕان ١٥ ساڵ دیاریکرابوو، لەم دۆخەدا "گۆڕانکاری" لە یاساکەدا شەرعیەت بە هاوسەرگیری منداڵان و دەستدرێژی و کوشتن دەدات.
مافی سەرپەرشتیکردن... "گۆڕانکاری" شەڕێکە دژی ژنان
بەشێکی دیکەی یاساکە کە پێویستە بگۆڕدرێت، پەیوەندی بە مافی سەرپەرشتیکردنی منداڵەوە هەیە لە ئەگەری جیابوونەوەدا، سەرپەرشتیکردنی منداڵ ساڵانێکی زۆرە بابەتی مشتومڕ بووە لە عێراق، ئەگەر شەریعەتی ئیسلامی جێبەجێ بکرێت، منداڵانیش بێ پاراستن دەمێننەوە، لەلایەکی دیکەوە یاسای ژمارە ١٨٨ دایکان تا تەمەنی ١٠ ساڵی سەرپەرشتی منداڵەکانیان دەکات و ئەم ماوەیەش دەکرێت تا ١٥ ساڵ درێژ بکرێتەوە تەنانەت ئەگەر دایکەکە دووبارە هاوسەرگیری بکاتەوە، لە هەندێک مەزهەبدا یاسای شەریعەت سەرپەرشتی بە باوک دەبەخشێت کاتێک منداڵەکە تەمەنی دەگاتە دوو ساڵ و ئەگەر دایکەکە هاوسەرگیری بکات، دەستبەجێ و هەمیشەیی سەرپەرشتیکردن بۆ باوکەکە دەگوازرێتەوە.
ئەو گۆڕانکارییە پێشنیار کراوە زیان بە تەنیا ژنان و منداڵان ناگەیەنێت، بەڵکو بە گشتی کۆمەڵگەش زیانی پێدەگەیەنێت و ئەو قەیرانە پێکهاتەییەش قووڵتر دەکاتەوە کە وڵات تووشی دەبێت، ئەو پێیوایە گەڕانەوە بۆ یاسای شەریعەت زیان بە دەستوور دەگەیەنێت، کە گەرەنتی دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی دەکات، عێراقیش لە جەوهەرەکەی بێبەش دەکات بە درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی بێ ژن، تایەفەگەری و ئاینگەرایی و ڕەگەزپەرستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نزیکەی هەموو ناوچەکەی بەسەر بەشەکاندا دابەش کردووە، لەم دۆخەدا ئەوەی ژنانی هەرێم ئەزموونی دەکەن، بابەتێکی مشتومڕە.
مەزهەبی توندڕەوی شیعە کە لە مانگی تەمووزەوە دەڵێن پێویستی بە گۆڕینی یاسای باری کەسێتی لە عێراق هەیە، پێدەچێت شەڕێکی ئاشکرای لە دژی ژنانی عێراق دەستپێکردبێت.
بە پێشەنگایەتی هاوپەیمانی دامەزرێنەری ١٨٨، ڕێپێوانی ناڕەزایەتی و دابەشکردنی تراکت و هەڵمەتی واژۆکردن لە نزیکەی هەموو ناوچەکانی وڵاتدا ڕێکخرا. نزیکەی ٦٢ هەزار عێراقی بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، کە بە شێوەیەکی نافەرمی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەستیپێکردووە ٧٣.٢%یان بە توندی دژی ئەو گۆڕانکارییە پێشنیار کراوەن، بۆیە پەرلەمانی ئەوروپا داوای ڕەتکردنەوەی دەستبەجێی پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاساکە لە پەرلەمانی عێراق کرد.