خۆڕاگری سەرەڕای لەدەستدان...ژنانی گەنجی فەڵەستینی سەرکەوتنەکانیان لەناو داروپەردوودا دروست دەکەن
لە نێوان چادر و خانووە وێرانەکان و قوتابخانەکاندا، ژنانی گەنجی فەڵەستینی خۆیان بە خوێندن و خەونەکانیانەوە چەسپاند، سەرکەوتنەکانیان زیاتر بوو لە تەنها باشی ئەکادیمی، بەڵگەی خۆڕاگری و ئیرادەیەک بۆ داڕشتنی داهاتوویەک لە دڵی شەڕەوە.
نەغەم کەرەجە
فەڵەستین - بڕوانامەکانی پۆلی ١٢ لە غەززەی فەڵەستین ئەمساڵ تەنها بەڵگەدارکردنی سەرکەوتن نەبوون، بەڵکو پوختەی چەند ساڵێک لە ئاوارەیی، ترس، لەدەستدانی ئازیزان و هەوڵی قورس بوون بۆ پاراستنی مافی خوێندن لەناو داروپەردووەوەکی گشتیدا، سەرەڕای خوێندن لە چادرەکاندا و برینە قورسەکان، ژنانی گەنجی غەززە گەیشتنە ساتەوەختی سەرکەوتن و ئەوانەی خەونیان پێوەبوو کە لە سنووری جەنگ تێدەپەڕی.
لە چالاکییەکی کۆمەڵایەتیدا بە هاوکاری لەگەڵ دەزگای بئ باوکانی "ئامال" و دامەزراوەی "فەڵەستینی وقفیە"، ٢٢ی ئاب، ڕێز لە زیاتر لە دەیان ژنای گەنجی بێ باوک، سەرکەوتوو و نمرە بەرز لە تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ گشتی هێنرا، ئەمە سەرەڕای ژمارەیەک لەو کەسانەی کە تەنها ئەوان لە خێزانەکانیان ڕزگاریان بووە یان هەردوو دایک و باوکیان لەدەستداوە، ئاهەنگەکە لە ڕووی تواناوە سنووردار بوو، بەڵام لە واتاکەیدا گەورە بوو، چونکە بۆشاییەکی بە ژنانی گەنج بەخشی بۆ خۆشحۆلی دوای چەند ساڵێک لە ئازار، پەیامێک بوو کە سەرکەوتنیان بەبێ ئەوە تێپەڕ نەبوو کە کەس نەیبینێت، دەستکەوتەکە بۆ ئەو قوتابییانە تەنها ئەنجامی تاقیکردنەوەیەک نەبوو، بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ گەڕاندنەوەی مافیان لە داهاتوودا.
چیرۆکی سەرکەوتن سەرەڕای ئاوارەیی و لەدەستدانی دایک و باوک

ەناو ئەو قوتابییانەی ڕێزیان لێنرا، فەرەح خەلیل عەتال بە کۆنمرەی ٩٨.٤٪ لە بەشی زانستیدایە، چیرۆکێکی سەرکەوتنی پێیە کە بۆ یەک چرکەش لەدەستدان جیا نەبووەوە، فەرەح سەرکەوتنەکەی پێشکەش بە دایک و باوکی دەکات کە لە ساتەوەختی سەرکەوتنەکایدا ئامادە نەبوون، وتی سەرکەوتنەکەم پێشکەش بە گیانی باوکم دەکەم، ئێمە لە ژیانی زانکۆماندا لەسەر ئەم ڕێچکەیە بەردەوام دەبین.
فەرەح خەلیل لە بارودۆخێکی ئاساییدا نەگەییشتە ئەم ئەنجامە، وتی: ئەم نمرەیە سەرەڕای هەموو بارودۆخ و بەربەستەکان، ئاوارەیی، جەنگ، وێرانی و لەدەستدانی خێزانەکەم هات، ئەمڕۆ سەرکەوتنم بەدەستهێنا و تا دوایین ڕۆژی ژیانم سەرکەوتوو دەبم، هەروەها قۆناغی دەرچوونم کۆتایی ڕێگاکە نییە، بەڵکو لە پێشەوەیدا خەونی پزیشکی هەیە کە لە چەند ساڵی ڕابردووەوە هەڵیگرتووە و پەیوەندی بە دایکە کۆچکردووەکەیەوە هەبووە، دەچێتە کۆلێژی پزیشکی و نەخۆشەکان چارەسەر دەکەم، ئەمەش ئەو شتە بوو کە لە مێژە خەونم پێوە دەبینید و خەونی دایکیشم بوو، و کار بۆ بەدیهێنانی دەکەم.
دواتر ئەزموونکەی کورت دەکاتەوە لە پەیامێکدا بۆ هەر منداڵێکی کچ کە هەوڵدەدات لەناو بەربەستەکاندا ڕێگاکەی درێژە پێبدات وتی: سەرەڕای ئەوەی من کچێک بووم کە جەنگام، سووربووم، خوێندم، ماندووبووم و سەرکەوتووم، بە هەموو مرۆڤێک دەڵێم؛ خاوەن ئامانج و هیوا بە و مەهێڵە بارودۆخ و بێهیواکە شکستت پێبهێنن، ڕکابەری خۆت بکە و ڕێگاکە بەردەوام بکە.
ڕزگاربوویەک کە خەونی خێزانەکەی هەڵگرتووە

سەبارەت بە لەما سالم، ئەو هاتووەتە سەر شانۆی ڕێزلێنان و چیرۆکێکی قورسی ڕزگاربوونی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، بە نمرەی ٨٤.١٪ی لە تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ی گشتیدا بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بووە تەنها ڕزگاربووی خێزانەکەی لە ئەنجامی بۆردوومانێک ئەو شوێنەی کردە ئامانج کە خێزانەکەی تێیدا بوون لە شەقامی وەحدە.
دوای ٢٤ کاتژمێر لەژێر داروپەردووەوە دەرچوو، بەڵام بێ خێزانەکەی، بۆ ئەوەی قۆناغێکی نوێی ئاوارەیی و ژیان لە چادرەکاندا دەست پێبکات، پاشان خۆی بینییەوە داوای لێدەکرێت خوێندن تەواو بکات لەو کاتەی تواناکانی خوێندن و دارایی کەم بوون، وتی: سەرەڕای هەموو ئەو شتانەی لە ژیانمدا ڕووبەڕووم بوونەوە، سووربووم لەسەر ئەوەی بەردەوام بم لە خوێندن و سەرکەوتن، ڕووبەڕووی سەختی زۆر بوومەوە بەڵام باوەڕم وابوو کە دەتوانم تێیانپەڕێنم.
دەربارەی ژیان لە چادردا وتی: لە چادرەکاندا دەژیم و توانای پێویستم نەبوو بۆ دابینکردنی تێچووی خوێندن، بەڵام ئیرادەم نەوەستا بەڵکو هەوڵی تەواوم دا بۆ بەردەوامبوون لە ڕێگاکە، سەرکەوتن بۆ لەما سالمیش بەدیهێنانی ئاواتی دایک و باوکی بوو کە ناتوانن ئەم ساتە ببینن، هەروەها خەونی خێزانەکەم ئەوە بوو کە بە سەرکەوتووی بمبینن، خۆشحۆلی سەرکەوتن بۆ من ناتەواو بوو، بەڵام دڵنیام ئەوان بە من دڵخۆشن هەروەک چۆن من ئەمڕۆ دڵخۆشم.
کاتێک بڕانەوە نابێتە کۆتایی خەون

چیرۆکی هەدیل ئەبو کاس خۆڕاگری دەباتە ئاستێکی تر، کە تێیدا دایک و باوک و خوشک و برای لە بۆردوومانێکدا لەدەستدا کە ماڵی خێزانەکەی کردە ئامانج و بووە تەنها ڕزگاربوویان، لە کاتێکدا هەدیل ئێستا بەبێ قاچەکانی دەژیت، لەگەڵ ئەوەشدا دەست بە تەواوکردنی خوێندنی دەگرێت و بەرەنگاری ڕاستییەکی جەستەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتی زۆر توند دەبێتەوە.
هەدیل ئەبو کاس لە کورتکردنەوەی ئەزموونەکەیدا وتی:خێزانەکەم و قاچەکانم لەدەستدا، بەڵام خەونەکەم لەدەست نەدا، بە ڕۆژانی سەخت تێپەڕیم، ئازارەکە زۆر جار لە توانای من زیاتر بوو، بەڵام ڕەتمکردەوە برینەکە کۆتایی داهاتووم بێت، دەمەوێت خوێندنەکەم تەواو بکەم و بیسەلمێنم بۆ هەر منداڵێکی کچ کە بە بارودۆخی سەختدا تێدەپەڕێت ئازار نابێت ببێتە دوایین خاڵی ڕێگا، پەیامی من بۆ هەر منداڵێکی کچ کە ڕووبەڕووی سەختی دەبێتەوە ئەوەیە کە بەردەوام بێت و ڕێگە نەدات هیچ بارودۆخێک ئامانجەکەی لێ بەفڕێنێت، لەوانەیە ڕێگاکە بگۆڕێت و قورستریش بێت بەڵام خەونەکە شایەنی ئەوەیە لەپێناویدا بەردەوام بین.
ئاهەنگەکە سەرەتایەکە نەک کۆتایی

نەجلا غەلایینی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری دەزگای بێ باوکانی ئامال ڕوونیکردەوە کە بۆنەکە تایبەت کرابوو بە ڕێزلێنانی سەرکەوتووان لە بێ باوکان، ڕزگاربووان و بێدایک و باوکان، ئاماژەی بە ئامادەبوونی زیاتر لە دەیان ژنی بێ باوک و نمرە بەرز کرد، کە مەبەستەکە تەنها خستنە ناوەوەی خۆشحۆلی نییە بۆ دڵی دەرچووان بەڵکو پاڵپشتیکردنی بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندنیش دەگرێتەوە، هەروەها پەیوەندیکردن بە زانکۆکان و دەزگاکانی ڕاهێنانی پیشەییەوە تاوەکو دامەزراوە پەروەردەیییەکان دەرچووان بناسن و هەلی گونجاو لەگەڵ تواناکانیان بۆ دابین بکەن، وتی: دەمانەوێت کچەکانمان دڵخۆش بکەین دوای هەموو ئەوەی بەسەریاندا هاتووە، بەشداری خۆشحۆلی سەرکەوتنیان بکەین بەڵام دەمانەوێت یارمەتیان بدەین لە بەردەوامبوونی ڕێگاکە؛ چونکە بڕوانامە کۆتایی چیڕۆکەکە نییە، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە چالاکییەکان بەردەوام دەبن، لە هەوڵێکدا بۆ دابینکردنی بۆشایی بۆ خۆشحۆڵی، پشتگیری و پەیوەندیکردن لەگەڵ دەرچوواندا، دوای چەند ساڵێک لە لەدەستدان و ئازار.
داهاتووی غەززە لە کچەکانیەوە دەست پێدەکات
ئاریج سەلمی، چالاکوانی کۆمەڵایەتی و بەشداربووی دەستپێشخەرییەکە دەبینێت کە سەرکەوتنی قوتابییەکان واتایەکی هەڵگرتووە کە لە بۆنەکە گەورەترە، وتی : ئەم سەرکەوتنە نموونەیەکە بۆ خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوە کە لە کەرتی غەززە دەژین، لەوانەیە ئاهەنگەکە لە ژمارە و تواناوە سادە بێت بەڵام لە واتاکەیدا گەورەیە، چونکە ئەم کچانە تەنها قوتابی نین کە پۆلی ١٢یان تەواو کردووە، بەڵکو ئەوان بەشێکن لە داهاتووی غەززە و لە ڕێگەی ئەوانەوە وڵاتەکەمان دووبارە دروست دەکەینەوە.
ڕوونی کردەوە، کە ڕێکخستنی چالاکییەکە ڕووبەڕووی سەختی بووەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنی شوێن، دابینکردنی بودجە و بەخشینەکان، بەڵام ئەنجامدەرانی کارەکە هەوڵیاندا بۆ تێپەڕاندنی ئەو بەربەستانە و گەیشتن بە ساتەوەختی ڕێزلێنان، چونکە دەستپێشخەرییەکە لە ناوەرۆکیدا، هەوڵ نادات بۆ دروستکردنی ئاهەنگێکی جیاواز لە ڕاستی، بەڵکو بۆ دەستەبەرکردنی ساتێکی ژیان لە دڵی ڕاستیەکی قورس بە لەدەستدان.
کاتێک گەیشتن بە تاقیکردنەوە دەبێتە دەستکەوت

شایەنی باسە جەنگ لەسەر غەززە نزیکەی ٧٠٠ هەزار منداڵی لە تەمەنی نێوان ٤ بۆ ١٧ ساڵی، بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵی خوێندنی لەسەریەک بێبەش کرد، لە نوەندنی ئامادەبوونی فەرمی بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسێف)، هەروەها نزیکەی لە ٩٨٪ی باڵەخانەکانی قوتابخانەکان زیانیان بەرکەوتووە، لە کاتێکدا زیاتر لە ٩٣٪ی پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی سەرەکی یان ئاوەدانکردنەوەی تەواو هەیە، نزیکەی لە ٨١٪ تووشی بۆردوومانی ڕاستەوخۆ بوون، نزیکەی ٤٢٠ هەزار منداڵ کە دەکاتە سێ لە هە پێنج منداڵ بێ هیچ خوێندنێکی ڕووبەڕوو دەمێننەوە.
لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، لایەنە پەروەردەییە مرۆییەکان توانیان خوێندنی ڕێکخراو بگەیەننە نزیکەی ٤٣٥ هەزار منداڵ لە ڕێگەی ٦١٠ شوێنی خوێندنی کاتییەوە، منداڵانی کچ لە ٥٣٪ی سوودمەندبووان پێکدەهێنن، لە کاتێکدا نزیکەی نۆ هەزار و سێسەد منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت سوودمەند بوون، هەروەها نزیکەی لە ٩٨٪ی قوتابییە تۆمارکراوەکان توانیان بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بکەن.