پلەی گەرمای شارەکان دووهێندە زیاتر بەرزدەبێتەوە

شارەکان لە بەرزترین ئاستی مەترسی گەرمبوونی جیهاندان، شارێکی گەورە دەتوانێت دوو هێندەی ناوچەکانی دیکە پلەی گەرمی بەرزبێتەوە

ناوەندی هەواڵ

 

شارەکان لە بەرزترین ئاستی مەترسی گەرمبوونی جیهاندان، شارێکی گەورە دەتوانێت دوو هێندەی ناوچەکانی دیکە پلەی گەرمی بەرزبێتەوە.

 

لە کاتێکدا قەیرانی کەشوهەوا گۆڕانکاری بەرچاوی پلەی گەرمی لە سەرانسەری جیهاندا دروست دەکات، شارە گەورەکان بوونەتە سندوقی گەرمی گەورە، کەڵەکەبوونی چەندین هۆکاری وەک بەکارهێنانی ئامێرەکانی فێنککەرەوەی ماڵەکان، زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان کە هۆکارە لە دەردانی Co2 زیادە و نەبوونی نافورەی ئاو و ڕاڕەوی سەوز بەو مانایەیە کە شارەکان لە هاویندا پلەکانی گەرما تیایاندا دوو هێندە زیاتر بەرزدەبێتەوە بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە و زیان بە تەندروستی منداڵان و بەساڵاچووان دەگەیەنێت.

 

بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی جیهان لە شارەکاندا دەژین و پێدەچێت تا ساڵی ٢٠٣٠ ئەم ژمارەیە بۆ زیاتر لە دوو لەسەر سێ بەرزبێتەوە، شارەکان پشکێکی زۆر لە دابینکردنی وزەی جیهان بەکاردەهێنن و بەرپرسن لە نزیکەی ٪ ٧٠ی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهان کە پەیوەندییان بە وزەوە هەیە، کە گەرما هەڵدەمژن و دەبنە هۆی گەرمبوونی جیهان.

 

کارکردن لەگەڵ قوتابخانەکان و ناوەندە زانستییەکان لە کۆمەڵگە جیاوازەکان بۆ ئەوەی تێبگەن کە چۆن دەستیان بە سروشت گەیشتوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پەرەپێدانی چارەسەرەکان کە یارمەتی نزمکردنەوەی پلەی گەرمای جیهانبدات، پسپۆڕانی ژینگەیی ئاماژەیان بەوەداوە کە هەژارترین کۆمەڵگەی شارنشینەکان زۆرجار ئەوانەن کە کەمترین دەستڕاگەیشتنیان بە سروشت و کەمترین سەرچاوەی سرووشتی هەیە، بەڵام شارەکان دەتوانن بە گرتنەبەری ڕێگا چارەسەری نوێ جیاوازییەک لە بەرەنگاربوونەوەی گەرمبوونی جیهاندا دروست بکەن.

 

شارەکانی وەک مالمۆ لە سوید، پاریس، میلانۆ، بەرشەلۆنە و لیسبۆن، بە سەرکەوتوویی سیاسەتی گشتییان جێبەجێ کردووە بۆ سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەزموونی پێویستیان هەیە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو مەترسییە سەرەکیانەی کە بەشدارن لە گەرمبوونی جیهان لە شارەکان.

 

کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس ئاماژەی بە کۆمەڵێک چارەسەری ئەگەری کرد بۆ یارمەتیدانی ڕاگرتنی پلەی گەرمی شارەکان، باشترکردنی پاکوخاوێنی لە ڕێگەی ڕیسایکلکردنی پاشماوەکانەوە دەست پێدەکات تا کاریگەری چاندنی دارستانە بچووکەکانی شارەکان.

 

ئەگەر زاناکان بانگەشەی ئەوە بکەن کە یەک دار دەتوانێت لە یەک ساڵدا تا ٢٢ کیلۆگرام CO2 هەڵبمژێت، ئەوا کۆمپانیاکانی تایبەتمەند لە دار و دارستان هەن کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کاتێک چەند جۆرێک پێکەوە گەشە دەکەن، دارەکان خێراتر گەشە دەکەن و تا ٪٦ زیاتری CO2 هەڵدەمژن.