سەرۆکی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەداتە ئێران و ئەفغانستان
کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لەبارەی "بەرەنگاربوونەوەی سیستماتیکی مافەکانی ژنان و یەکسانی جێندەری" لە هەموو جیهاندا دەبینرێت، دەدات.
ناوەندی هەواڵ
ڤۆلکەر تۆرک، کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی فەرەنسی ئاماژەی بەوەکردووە، زۆر نیگەرانە لەوەی بەم دواییانە بەرامبەر بە ژنان بینیویەتی، بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
ئەفغانستان و تاڵیبانی دەسەڵاتداری بە خراپترین و سەرکوتکردنی ژنانی بە "بێ وێنەی" ناوبرد، ئەمەش لەکاتێکدایە مانگی ڕابردوو تاڵیبان ژنانیان لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان قەدەغەکرد و پێشتر دەستبەرداری بەڵێنەکان بوون بۆ ڕێگەدان بە ژنان بۆ چوونە زانکۆ و خوێندنی ناوەندی.
سەرۆکی مافی مرۆڤ داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەوپەڕی هاوهەڵوێستی لەگەڵ ژنانی ئەفغانستاندا کاربکەن و پێویستە دڵنیابن لەوەی کە ئەمە ناتوانێت ببێتە نۆرم لە داهاتوودا.
هەروەها سەرۆکی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی داوە سەردانی ئێران بکات، کە خۆپیشاندانەکان لە مانگی ئەیلولەوە ئەو وڵاتەی هەژاندووە، ئەوەش دوای ئەوەی ژینا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵ بەهۆی ئەشکەنجەی پۆلیسیەوە گیانی لەدەستداو هیچ وەڵامیک بۆ خۆپیشاندانەکان نییەو سەرکوت دەکرێن، ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەر ڕێگە بدرێت بڕوات دیسان داوای هەڵوەشاندنەوەی پراکتیزە جیاکارییەکان دژ بە ژنان دەکات و بابەتی هەڵمەتە دڕندانەکانی دەسەڵات بۆ سەر خۆپیشاندانەکان بەرز دەکاتەوە.
هاوکات ئاگادارکردنەوەیەکی تایبەتی دەربڕیوە لە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان بەرامبەر خۆپیشاندەران.
سەرۆکی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەم کردارانەی بەدبەختی بە "دوایین هەوڵی باوکسالاری بۆ نیشاندانی هێزی خۆی" لە دژی جوڵانەوەیەکی جیهانی بەرەو بەهێزبوونی ژنان و یەکسانی جێندەری لێکدایەوە، وتی: "ئەوان ناتوانن ڕێگە لە جیهانی نوێ بگرن،من زۆر دڵنیام کە ئەمە دەبێتە پرسێکی ڕابردوو، چونکە باوکسالاری بۆ داهاتوو نییە ئەمە شتێکە کە دەبێت بخرێتە ناو کتێبەکانی مێژووەوە".