کارەساتی ئاو لە شیراباد: بەرپرسان هێشتا بێباکن!

لە شیراباد سەدان خێزان لە گەرمای هاویندا بێ ئاو ماونەتەوە. چالاکوانان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر ڕێکاری بەپەلە نەگیرێتەبەر، نەبوونی ئاوی خاوێن دەبێتە هۆی کارەساتێکی گەورەی تەندروستی.

ناوەندی هەواڵ 

بەپێی میدیای مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ دانیشتووانی شەقامی ئازادی لە گەڕەکی شیرابادی زاهیدان، بە بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی دەنگی خۆیان گەیاندە ڕای گشتی. هاوڵاتیان ناڕەزایەتییەکی گەورەیان دژی کەمتەرخەمی بەرپرسان نیشاندا و ڕایانگەیاند کە قەیرانی ئاو ژیانیانی سەرەوژێر کردووە.

 

 

 ژیان لە شیراباد وەستاوە

بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، دانیشتووانی شیراباد نزیکەی سێ مانگە بەدەست بڕانی بەردەوامی ئاو و کەمیی توندی پەستانی ئاوەوە دەناڵێنن. ئەم دۆخە گەیشتن بە ئاوی خواردنەوەی بێوەی (سەلامەت) بۆ زۆرێک لە خێزانەکان قورس کردووە؛ تەنانەت کارە ڕۆژانە هەرە سادەکانی وەک چێشتلێنان، خۆشۆردن و پاککردنەوەش لەمەودوا مەحاڵ بووە.

 

مەترسیی نەخۆشییە گوازراوەکان و کارەساتی تەندروستی

 

چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی هۆشداری دەدەن کە بەردەوامیی ئەم قەیرانە، بەتایبەت لەم ڕۆژە گەرمانەی هاویندا، تەندروستیی گشتی بە شێوەیەکی جددی دەخاتە مەترسییەوە. نەبوونی ئاوی خاوێن و ناڕەحەتی لە پاراستنی پاکوخاوێنیدا، مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان زیاد دەکات و بژێوی ژیانی خەڵکی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.

 

زوڵمی ژێرخان

گەڕەکی شیرابادی زاهیدان ماوەیەکی درێژە بەدەست کێشەی جددی لە نەبوونی ژێرخانی شاری، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکانەوە دەناڵێنێت. قەیرانی بەردەوامی ئاو لەم ناوچەیەدا، جارێکی تر ڕووی ڕاستەقینەی شکستخواردوویی بەرپرسانی پەیوەندیدار و کەموکوڕی ژێرخانەکان نیشان دەداتەوە.

هەرچەندە دەستڕەسیش بە ئاوی خواردنەوە مافێکی سەرەتایی مرۆیی و مەدەنییە، بەڵام بێبەشکردنی شیراباد نیگەرانییەکان لەسەر داهاتووی تەندروستیی گشتی زیاد دەکات. بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتێکی گەورەتر، دەبێت هەنگاوی بەپەلە بنرێت.