کارەکانی داخستى كامپى ئاوارەکان بەردەوامیی هەیە
ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند بەردەوامن لە هەوڵەکان بۆ داخستنی كامپی ئاوارەکان و هاوکاری کردنیان.
ناوەندی هەواڵ
ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە بارەی بەردەوامی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی عێراق و داخستنی كامپەكان لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا، بەردەوامن لە دابەشكردنی بڕى چوار ملیۆن دینار هاوكاری بۆ ئەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و لە ئێستاشدا هەوڵەکان دەریدەخات حكومەت جدییە لە پرسى داخستنی كامپەكان.
وتیشی: ئەو خێزانانەی لە كامپەكانی هەولێر و دهۆک نیشتەجێن لە كاتی گەڕانەوەیان بڕە هاوکارییەکان پێ دەدردێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر ئیڤان فایەق ڕایگەیاندبوو، تا كۆتایی ئەم مانگە سەرجەم كامپەكانی سنووری سلێمانی دادەخەن، جگە لەوەش دەبێت تا كۆتایی مانگی تەمووزی ئەمساڵ سەرجەم كامپەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆكیش دابخرێن.