سیمینارێک دەربارەی "پەروەردەی نەوجەوانان" بەڕێوەچوو
سەنتەری ڕۆشنبیری سەرا، سیمینارێکی تایبەت بە پەروەردەی نەوجەوانان، بۆ مامۆستا گەشاو عەبدولقادر ڕێکخست.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ، لە سەنتەی ڕۆشنبیری سەرا بە هاوبەشتی لەگەڵ بزاڤی ئاشتی سلێمانی و لیژنەی پەروردە، سمیناری پەروەردەی نەوجەوانان بۆ مامۆستا گەشاو عەبدولقادر ئەنجام درا.
لە سیمینارەکەدا باس لە گرنگی پەروەردەی منداڵ و نەوجەوانان کرا، هەروەها گرنگی پەروەردەیەکی دروست بۆ نەوجەوانان خرایە ڕوو چونکە پەروەردەیەکی دروست کۆمەڵگەیەکی پتەو بنیات دەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش گەشاو عەبدولقادر، چەند ڕێنماییەکی پەروەردەیی پێشەکەش بە ئامادەبوان کرد، هەروەها باسی لە ڕۆڵی خێزان لە پەروردەی منداڵ و نەجەوانان کرد.
گەشاو عەبدولقادر، ڕاهێنەری بواری منداڵان و نەوجەوانان، لە بارەی گرنگی هۆشار کردنەوەی خێزان لە ڕێگەی سیمینار بۆ پەروەردەی نەوجەوانان، وتی: وەک مامۆستایەک بەئەرکی خۆمی دەزانم لەڕێگەی ئەنجامدانی سیمینار هۆشیاری بڵاوبکەمەوە، بۆ زیاتر گرنگیدان بە منداڵان و نەوجەوانان، چونکە تەمەنێکی هەستیارە و دەبێت کۆمەڵگە لە پێناو پەروەردەکردنی تاکێکی تەندروست بە هەستیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.
لە کۆتایی سیمینارەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، هەندێک لە خێزانەکان ترسیان لا دروست دەبێت لەوکاتەی منداڵەکانیان گەورە دەبن و دەگەنە تەمەنی نەوجەوانی، چونکە هۆشیارییان نییە دەربارەی پەروەردەکردنیان و مەمەڵەکرد لەگەڵیاندا بە شێوازێکی دروست، بۆیە دەبێت هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە، هەروەها خێزانەکان ئامادەکاری بکەن بۆ دروستکردنی تاکێکی تەندروست، لە کۆتایشدا سیمینارەکە بە گفتوگۆی بەشداربووان کۆتایی هات.