ژنێکی گەنج بەرگری لەخۆی دەکات کاتێک هەوڵدەدرێت دەستدرێژی بکرێتەسەر

ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ لە شارەدێی ژاراوەی سەر بە شارۆچکەی پشدەر هەوڵدەدرێت دەستدرێژی بکرێتەسەر لەلایەن پیاوێکی تەمەن ٣٥ ساڵ بەڵام بەرگری لە خۆی دەکات و پیاوەکە بریندار دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ لە لە شارەدێی ژاراوەی سەر بە شارۆچکەی پشدەر کاتێک لەبری باوکی لە دوکانەکەیدا بووە پیاوێکی تەمەن ٣٥ ساڵ هەوڵدەدات دەستدرێژی بکاتەسەر، بەڵام ئەو ژنە گەنجە تەمەن ١٧ ساڵانە بەرگری لەخۆی دەکات و لە ئەنجامدا پیاوەکە برینداردەبێت، پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاندووە کە ئەو پیاوە دەروونی تەواو نەبووە.

 

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین، دەربارەی ڕووداوەکە ڕایگەیاندووە کە لە شارەدێی ژاراوە پیاوێک بەناوی "م،م،و" لەدایک بووی ساڵی ١٩٨٨ کە لە ڕووی دەروونیەوە ناتەواوبووە، پاش برینداربوونی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی قەڵادزێ و شوێنەواری چەقۆ بەسەر سنگییەوە هەبووە پاشان گیانی لەدەستداوە.

 

گرتنە بەری ڕێکاری یاسایی و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە، ژنێکی گەنج بەناوی "د،ع،خ" لەدایک بووی ساڵی ٢٠٠٦ دانیشتوی ژاراوە بەچەقۆ برینداری کردووە، پاش ئەوەی ئەو ژنە گەنجە دەستگیرکراوە ڕایگەیاندووە، "کاتێک لە دوکانەکەیان کە دوکانی شوشەوات بووە و لەجیاتی باوکی لە دوکان بووە "م،م،و" هاتووەتە ناو دووکانەکەوە و هەوڵیداوە دەستدرێژی بکاتە سەری ئەویش بە مەبەستی بەرگری کردن لە خۆی بە چەقۆ لێیداوە و برینداری کردووە."

 

 وتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا تەرمی "م،م،و" بەڕێکرا بۆ پزیشکی دادوەری سلێمانی بەمەبەستی ئەنجامدانی توێکاری بۆتەرمەکەی و زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی مردنەکەی و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە.