لیلوا عەبدوڵا: ئازادکردنی باغۆز سەلماندی کە ئیرادەی گەل نەبڕاوەیە

لیلوا عەبدوڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزۆر ئاماژەی بەوەکرد ئازادکردنی باغۆز لە چنگی بەکرێگیراوانی داعش سەلماندی کە ئیرادەی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەهێزە.

زەینەب خەلیف

 

دێرەزۆر- لە ئەیلولی ٢٠١٧ ئۆپەراسیۆنی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ئازادکردنی شارۆچکەی باغۆز لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دەستی بەکرێگیراوانی داعش دەستیپێکرد و دوای شەڕێکی سەخت لە ٢٣ی ئازاری ٢٠١٩ شارۆچکەکە بە تەواوی ئازاد کرا.

 

لە چوارەمین ساڵیادی ئازادکردنی باغوز، دوا قەڵای بەکرێگیراوانی داعش، لیلوا عەبدوڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزۆر، ڕایدەگەیەنێت، ئازادکردنی باغوز دوا ئەڵقەی شەڕی نەهێشتنی داعش بوو، لەبارەی گرنگی ئەم سەرکەوتنەوە وتی: گرنگی ئازادکردنی باغوز بۆ ناوچەکە لەوەدایە کە زۆرێک لەو ژنانەی لە چنگی بەکرێگیراواندا بوون، بەتایبەتی ئێزیدییەکان، داعش شارۆچکەکەی کردە خەندەقێک بۆیان و خەڵکی مەدەنی دەستگیرکرد بۆ ئەوەی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریان بهێنن، زۆرێک لە لایەنە دوژمنکارەکان هەوڵیاندا بەربەست بخەنە بەردەم ئۆپەراسیۆنی باغۆز ئامانجیشیان درێژکردنەوەی تەمەنی بەکرێگیراوان بوو. لە کاتێکدا بەکرێگیراوەکان لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە شەڕیان دەکرد، داگیرکاری تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چڕتر کردەوە و شانە نووستووەکانی بەکرێگیراوان جوڵەیان کرد بۆ ڕێگریکردن لە پێشکەوتنی هێزەکانمان و ئازادکردنی تەواوەتی ناوچەکە و سەقامگیری ئاسایشی ناوچەکە کە لەلایەن هێزەکانمانەوە ئازاد کرابوو، ئەم ئاستەنگیانە کاریگەرییان نەکردە سەر هێزەکانمان لە بەرخۆدانیان، پێشکەوتنیان، ئازادکردنی شارۆچکەکە و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ ناوچەکە.

 

ئازادکردنی ناوچەکە ئازادکردنی ژنان بوو

لیلوا عەبدوڵا جەختیشی کردەوە، ئازادکردنی هەر ناوچەیەک بە ئازادیکردنی ژنان بۆ خۆیان دەستپێدەکات، ژنانی دێرەزۆر هاوکاری شەڕڤانان و تێکۆشەرانی ئێمەیان کردووە بۆ ئەوەی پێشڕەوی بکەن بۆ ئازادکردنی ناوچەکە لە بەکرێگیراوەکان بە پەیوەستبوون و سەرقاڵبوون بە دامەزراوە مەدەنیی و تەنانەت سەربازییەکان، بۆ ئەوەی ئازادیان بێت لەو سنووردارکردنانەی کە بەسەریاندا سەپێندرابوون، ژنانی دێرەزۆر لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بەدوای ئازادبوونیان لەو عەقڵیەتی تاکڕەو و پیاوسالارییە بوون کە لەلایەن بەکرێگیراوەکانەوە بەسەریاندا سەپێنراوە، ژنانی دێرەزۆر ساڵانێک ژیاون لە ژێر کۆیلایەتی و کۆنترۆڵی بەکرێگیراوانی داعش بەسەر شارەکەدا.

 

سەبارەت بەو گۆڕانکارییەی ئازادی لە ژیانی ژنانی دێرەزۆردا هێنایە ئاراوە، ڕوونیدەکاتەوە، "ژنانی دێرەزۆر لە ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دابڕاو نەبوون، کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا توانای خۆیان بۆ سەلماندووە، لە بەڕێوەبردندا پێشەنگن و توانای بڕیاردانیان هەیە لە هەموو بوارەکاندا، ژنانی دێرەزۆر ئەمڕۆ سەرکەوتوو بوون و بەسەر هەموو سنووردارکردنەکاندا زاڵ بوون و بەشدارییان لە بەڕێوەبردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازیەکاندا کرد، بە شکاندنی کۆت و بەندەکانی داب و نەریتە بەسەرچووەکان کە لە کۆمەڵگەدا بەسەریاندا سەپێنراوە.

 

لیلوا عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشکرد، باغۆز بەشێوەیەکی سەربازی لەدەست بەکرێگیراوانی داعش ئازادکراوە، بەڵام هێشتا شانە نوستووەکان هەن کە مەترسی لەسەر شارەکە دروست دەکەن، بەو پێیەی بەکرێگیراوان ئەندامانی ئیدارەی مەدەنی لەو شارە و کەسایەتییەکانی دیکە دەکرێنە ئامانج بۆ تیرۆرکردنی خەڵک و تێکدانی سەقامگیری ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەکاتی شەڕی داعشدا زۆر ڕووداو لە پێش چاومدا تێپەڕیون، زۆریش کاریگەریان لەسەر هەبوو، کاتێک شەڕڤانەکانمان خەریکی دەستگیرکردنی بەکرێگیراوان بوون، لەکاتێکدا خەڵکی لە داعش ترسیان هەبوو، خۆیان ڕادەستکرد، بەڵام شەڕڤانەکان خواردن و ئاویان پێداون، منداڵیشیان لەگەڵ خۆیان دەبرد بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەن دەربچن و بیانبەن بۆ ماڵەکانیان لە کەمپی هۆڵ، بەجۆرێک کە هەموو جیهان کاریگەری ئەو هەڵوێستانەی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و یەکینەکانی پاراستنی ژنانیان لەبەرچاو بوو، زۆرێک لە شەڕڤانان لەپێناو گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەلامەتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە گیانی خۆیان بەخت کرد.