جەژن لە ئەفغانستان ... خۆشی لەدەست چوو لە نێوان کۆت و بەندەکان و جەنگ و هەژاری
جەژن لە ئەفغانستان پێشتر هێمای خۆشی وبەزەیی و پێکەوەژیان بووە لە نێوان هاوڵاتیاندا، بەڵام ئەمڕۆ زۆرینەی هاوڵاتیان، بەتایبەتی ژنان و منداڵان، لە ژێر قورسایی هەژاری و جەنگ و کۆتوبەندی کۆمەڵایەتیدا دەژین.

بەهاران لەهیب
ئەفغانستان-جەژن یەکێکە لە دیارترین بۆنە ئاینییەکان لە ئەفغانستان، کە هاوڵاتیان دەیانەوێت ڕۆژەکانیان لە کەشێکی خۆشدا بەسەر ببەن، کە سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان و کۆبوونەوەی خێزانی لەخۆ دەگرێت، دوای نەورۆز، جەژنی ڕەمەزان و جەژنی قوربان لەو بۆنانەن کە ئەفغانییەکان بە گیانێکی هاوسۆزی و تەبایی کۆدەبنەوە و بەدوور لە جیاوازییەک پێکەوە ئاهەنگ دەگێڕن.
لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ساڵی حوکمڕانی دیکتاتۆریدا، زۆر خۆشی لە ژیانی هاووڵاتیانی ئەفغانستاندا کاڵ بووەتەوە و جۆش و خرۆشی جەژنی ڕەمەزان لەنێو زۆربەیان کەمی کردووە.
پێش کودەتای شۆڕشی ٧ ی ئەیلولی ١٩٧٩ ئەفغانییەکان لە دۆخێکی ئارامی ڕێژەییدا دەژیان، سەرەڕای نەبوونی جەماوەری حکومەتەکانی پێشوو جگە لە سەردەمی پاشا ئەمانوڵڵا وڵات دوور بوو لە جەنگ و ململانێی نەژادی و کۆمەڵکوژی و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان، بە پێی گێڕانەوەی مێژوویی هاوڵاتیانی ئاسایی بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن و چالاکوانان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ تێدەکۆشان و ژنان ڕۆڵێکی چالاکیان هەبوو لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەرگری لە مافەکانیان.
جەژنەکانی ئەمرۆ بۆتە کێبڕکێی خێزانی نێوانی زۆری خێزانەکان، بەتایبەتی لەنێو دەوڵەمەندەکاندا، بەڵام بۆ هەژاران و ئەو خێزانانەی ڕۆژانە یەک ژەم ناخۆن هەموو ڕۆژەکان وەک یەک دەبن بۆیان، ئەمساڵ چاومان بە چەند ژنێک و منداڵ کەوت لەچەند پارێزگایەک بۆ گوێگرتن لەبیروبۆچوونیان.
نەفیسە وەحید، کچێکی تەمەن شەش ساڵان لە پارێزگای نەنەکرهار وتی: من تەنها کاتێک دڵخۆش دەبم کە دایکم جلوبەرگی نوێم بۆ دەدورێت، ئێمە لەگەڵ منداڵەکانی تردا دەچینە ماڵی دراوسێکان.
لەهەندێک پارێزگا و گونددا نەریت هەیە، منداڵان بچنە ماڵی کەسوکاریان وەک پوور و مام، تەنانەت دراوسێکان و پیرۆزی جەژنیان بۆ بخوازن، خێزانەکان بەپێی توانای دارایی خۆراک ئامادە دەکەن ،لەکیسی نایلۆندا دابەشی دەکەن، ئەم نەریتانە هێشتا لەهەندێک ناوچەدا بەردەوامن و خۆشی بۆ منداڵان دەهێنن
نوریا فایز لە ناوچەی پەروان کە چوار منداڵی هەیە، وتی: جەژن وەک جاران ڕەنگ و تامی نەماوە، هاوڵاتیان یان بەدەست هەژاری و بێکاری دەناڵێنن یان خۆشەویستێکیان لەدەستداوە بەهۆی تاوانەکان لەلایەن حکومەت و گروپە تیرۆریستییەکانەوە.
لە ڕابردوودا هاوڵاتیان جگە لە سەیران و سەردان، چالاکی وەک تۆپ هاویشتن، ماسی گرتن، خواردنی نەریت، لەبەرکردنی جلوبەرگی نوێ و خەنە لەسەر دەستیان، دەکرد لە جەژندا، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی بەربڵاوی هەژارییەوە تەنانەت سەردانەکانیش لەگەڵ کەسوکارەکان کەمتر بووە.
شەما لە کابول وتی: من لە کەناری ڕێگاکان لە کاراچی کار دەکەم، ڕووبەڕووی زۆر گرفت دەبمەوە، بۆیە ئیتر جەژن بۆ من هیچ مانایەکی نییە، تەنها کاتێک کە گەدەی منداڵەکانم پڕ دەبن جەژنە بۆ من.
شوکۆڤا نەواب لە پارێزگای فەرەح وتی: لەگەڵ ئەو سنوورداریانەی تاڵیبان بەسەرمانیدا سەپاندووە، ئەو ڕۆژەی کە من لەو هەموو نەهامەتییانە ڕزگارم دەبێت بۆ من پشوویەکی ڕاستەقینە دەبێت، ئەم هەستە تەنها هەستی من نییە، بەڵکو هەستی هەموو ژنانی وڵاتەکەمە.
خۆشی بەکۆمەڵ، سەردانی خێزان، هەستی دڵنیایی گۆڕاوە بۆ دڵەڕاوکێ، سنووردار و هەژاری، بەڵام زەردەخەنەی منداڵان، دابونەریتی ناوخۆی و هیوا بۆ داهاتوو هێشتا نیشانەی ژیانی کەلتووری و مرۆڤایەتین لە دڵی کۆمەڵگەیەکی برینداردا.