پاش کەمبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان، هەڵاواردن دژی ژنان لە ئێران توندتر بووە

بەگوێرەی نووسینگەی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڵاواردن لە دژی ژنان لە ئێران توندتر بووە، بە تایبەت دوای کەمبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقامەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە ماڵپەڕی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکراوەتەوە، دوای کەمبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقامەکان لە ئێران لە دژی ژنان لە ئێران توندتر بووە و یاساکانی پەردەپۆشکردنی ناچاری بوونەتە هۆی کێشەی یاسایی، کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ ژنان.

 

کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم ڕاپۆرتەدا داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد کە یاساکانی حیجابی ناچاری هەڵبوەشێننەوە و گرنگی بە داخوازییەکانی ئێرانییەکان بدەن بۆ چاکسازی و خۆبواردن لە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان دژی خۆپیشاندەران کە بۆ چاندنی ترس و سەرکوتکردنی خەڵک بەکاردێت.

 

هەروەها ڕایگەیاندووە کە ژنان لە ئێران بە هۆی جێبەجێ کردنی یاساکانی حیجابی ڕووبەڕووی ڕێوشوێنی توندی یاسایی، کۆمەڵایەتی و ئابووری دەبنەوە.

 

شەپۆلی نوێی لەسێدارەدان لە ئێران بووە هۆی وەڵامدانەوەی بەرفراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لە زۆر حاڵەتدا ڕەخنەگران داوای ڕێوشوێنی "سزا"یان لە دژی حکومەتی ئێران کرد.

 

لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرامبەر کوشتنی ژینا ئەمینی، یەکێتیی ئەورووپا سزای بەسەر ٢١٦ بەرپرسی ڕژێمی ئێران و ٣٧ دامەزراوەدا سەپاندووە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و پێشێلکردنی مافەکان لە ئێران، بەڵام دەستگیرکردنی داکۆکیکارانی مافی ژنان نەک هەر زیادی کردووە، بەڵکو شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانیش دەستیپێکردووە.