جەمیلە محمەدەمین ئازەر دەستبەسەر کراوە و ماوەی چوار ڕۆژە بێسەروشوێنە
هاوڵاتی کورد جەمیلە محمەدەمین ئازەر خەڵکی شاری بۆکان دوای هەڵکوتانە سەر ماڵی بنەماڵەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا. ماوەی چوار ڕۆژە هیچ زانیارییەک لەسەر شوێن و بارودۆخی نەدراوە.
ناوەندی هەواڵ
هاوڵاتی کورد جەمیلە "مینا" محەمەدەمین ئازەر خەڵکی شاری بۆکان لە هەڵکوتانە سەر ماڵی بنەماڵەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا، هەرچەندە چوار ڕۆژ تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی و بارودۆخی نییە.
خۆشناو عەزیزپووری هاوژینی جەمیلە لە هەمان هەڵمەتیشدا دەستبەسەر کرا بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک ئازاد کرا.
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی ٣ی تشرینی دووەم، هەردوو هاوڵاتی لە هەڵکوتانە سەر ماڵی بنەماڵەکەیان دەستبەسەرکراون. خۆشناو عەزیزپوور دوای چوار کاتژمێر ئازاد کرا، بەڵام تا ئێستاش جەمیلە لە دەستبەسەریدا ماوەتەوە. هەوڵەکانی خێزانەکەی بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر ئەو تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی جەمیلە محەمەدەمین ئازەر و هۆکاری دەستگیرکردنی و هەر تۆمەتێکی ئەگەری لە دژی نییە، هەروەها دەسەڵاتدارانی ئاسایش و داد هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.
دەستبەسەرکردنی ئەو هاوڵاتییە لە کاتێکدا بوو کە ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕۆژانی ٢و ٣ی ئەم مانگە چەند هاوڵاتییەکی دیکەش لە شاری بۆکان دەستبەسەر کراون.