جەمیلە لەسەر میراتی لەلایەن براکەیەوە کوژرا

ژنێکی ٤٥ ساڵ لەسەر میراتی لەلایەن براکەیەوە کوژرا و تا ئێستا دەستگیر نەکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

خوشک و برایەک لە ناحیەی باتیفا لە ڕۆژهەڵاتی زاخۆ ناکۆکی دەکەوێتە نێوانیان لەسەر وەرگرتنی موچەی خانەنشینی باوکیان کە کۆچی دواییکردووە، دواتر ژنەکە بە دەستڕێژی گولـلەی براکەی دەکوژرێت.

 

جەمیلە خالیدی ٤٥ ساڵ، دوای ئەوەی پەنا دەباتە بەر دادگا و سکاڵا تۆمار دەکات تا بتوانێت مافی وەرگرتنی موچەی خانەنشینی باوکی کە کۆچی دواییکردووە، وەربگرێت، لەلایەن براکەیەوە و لە ماڵەکەی خۆیدا دەستڕێژی گولـلەی لێدەکرێت و بە چوار فیشەک لەسەر سنگی دەکوژرێت.

 

رائید نەشئەت سەلمان، بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنى پۆلیسى زاخۆ، بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، جەمیلە بە چوار فیشەک لەسەر سنگی کوژراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، هەروەها وتیشی: بکوژەکە هەڵهاتووە و ئۆتۆمبێلەکەشی بەجێهێشتووە، دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە و تا ئێستاش تۆمەتبار دەستگیر نەکراوە.

 

هەردوێنێ لە ئیستەنبوڵ پیاوێک بەناوی ئەحمەد ئۆزجان دایک و خوشکێکی دەکوژێت و دواتر دەستگیر دەکرێت، بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس بکوژەکە داوای لە دایکی کردووە کە خانووەکەیان بۆ ئەو بفرۆشن بەڵام ئەو دایک و کچە ڕازی نەبوون.

 

ت.پ