لەبارەی هێرشەکانی داعشەوە: هێشتا بێسەروشوێنەکانمان هەن

ژنانی کانتۆنی کۆبانێ کە لە کردەوە و دڕندایەتی چەتەکانی داعشدا دەژیان ئاماژەیان بەوەکرد، لەلایەن چەتەکانەوە گولـلەباران کراون و دەستگیرکراون و ئەشکەنجە دراون، تا ئێستاش کەسانی بێسەروشوێن هەن.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ-چەتەکانی داعش لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣، ٢٠١٤ و ٢٠١٥ بە توندی هێرشیان کردە سەر عێراق و سووریا لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، دەیان هەزار ژن، منداڵ، گەنج و بەساڵاچوو بە شێوەیەکی دڕندانە کۆمەڵکوژ کوژران، لە لایەکی ترەوە، هەزاران کەس ڕفێندران، کە زۆربەیان هێشتا بێسەروشوێنن.

 

لەگەڵ کەوتنی داعش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەموو پێکهاتەکان شایەتی سەرکوتکردن و دڕندایەتی چەتەکان بوون، لە گوندەکانی کانتۆنی کۆبانێ، کە لە ساڵی ٢٠١٤ ڕووبەڕووی هێرشەکانی داعش بووەوە، سەدان چیرۆک دەربارەی کردەوەکانی داعش هەیە.

 

گوندی کونەفتار لەباشووری کۆبانی دڕندەیی داعش و قارەمانێتی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژەی بینیووە، دانیشتوانی گوندەکە ڕووبەڕووی ڕفاندن و تەقەکردن و ئەشکەنجەی داعش بوونەتەوە.

 

پێش ئەوەی هێرشەکانی داعش بگاتە ناوەندی کۆبانێ لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠١٤، چەتەکان هەوڵیان دەدا گوندەکان بگرن، لە هەمان کاتدا، دانیشتوانی گوندەکان گوندەکانیان بەجێنەهێشت و بڕیاریان دا لە ماڵەکانیان بمێننەوە، یەکێک لە خێزانەکانی گوندی کونەفتاری باشووری کۆبانێ لەلایەن چەتەکانەوە بە هۆی ئەوەی کە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێنەهێشتووە و تا ئەمڕۆش بێسەروشوێنن.

 

جیهان بەکۆ خەڵکی گوندی بۆراز و بووکی گوندی کونەفتار بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە زیندانی داعشدا بووە، لەو ماوەیەدا چەتەکان هاوژینەکەی کەناوی مستەفایە ئازادیان نەکردووە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک دەربارەی نییە.

 

"دەیانویست هەموو منداڵەکانم بکوژن"

جیهان بەکۆ وتی: لە ساڵی ٢٠١٨ چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر گوندەکەمان، لەو کاتەدا شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە چەندین گوند نیشتەجێ بوون و مانەوە، ئێمە لە ماڵەکەمان خەوتبووین، جارێک چەتەکانمان لە ماڵەکەماندا بینی و چەکیان هەڵگرتبوو بۆ ئەوەی بمانکوژن، هاوژینەکەم پێیوتن کە ئەمانە منداڵەکانی منن لە جێگاکەدا، نەک شەڕڤان، دەستبەجێ هاوژینەکەم دەستگیرکرا و دەستی بەسترایەوە، پاشان هەموو پارە و زێڕو چەکەکانی ئێمەیان برد، هەموو جگەرەکانی هاوژینەکەمیان شکاند و فڕێیاندان لەو کاتەدا پێم وتن، ئێوە ئێمە دەبەن، بۆچی شتەکانمانیشمان دەبەن؟ ئەوان وەڵامی منیان دایەوە کە شتەکانمان لەگەڵ ئەوان دەبن وەک متمانەدار، پاشان چەتەکان ئێمەیان بردو خستیانینە ناو تانکەکانیانەوە.

 

 

جیهان بەکۆ باسی لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی مانەوەی لە زیندانی چەتەکان لە شاری مەنبج کرد و وتی: کچە بچووکەکەم زۆر ترسا، بۆ ئەوەی بتوانم بێدەنگی بکەم، هەمیشە پێم دەوت کە دەچینە کۆبانێ، گەیشتینە گوندی جیید، چەتەکان ئێمەیان لە تانکەکە هێنایە دەرەوە و خستیانینە ناو ئۆتۆمبێلێکی دیکەوە و لە قوتابخانەیەک لەمەنبج زیندانی کراین، لە گوندێکەوە ١٤  کەس دەستگیرکران، ژن و منداڵ لە ژوورێکدا بوون و پیاوانیش لە ژوورێکی دیکە بوون، ئێمە لە لایەکەوە ترساین و لە لایەکەوە پرسیارمان لە بارودۆخی خێزانەکەمان دەکرد، دوای ڕۆژێک، شوێنەکەمان گۆڕدرا بۆ زیندانێکی تر، چەند هاوارمان دەکرد سوودی نەبوو، تەنها دەنگی هاوار و لێدان و ئەشکەنجە بیسترا، دوای ماوەیەک هاوژینەکەم و منداڵەکانمان شوێنەکەیان گۆڕدراو بردیانن بۆ زیندانی ناوەندی، لەو کاتەدا لەیەکتر جیا بووینەوە، دوای ٤٠ ڕۆژ، ئێمە ژن و منداڵ لە زیندان ئازادکراین و گەڕاینەوە گوندەکەمان، دوای ماوەیەکی کورت گەڕاینەوە بۆ گوندەکە، چەتەکان دووبارە هێرشیان کردە سەرمان، ئێمەیان گولـلەباران کردو دوای ئەو ڕووداوە، ئێمە گوندەکەمان بەجێهێشت و چووینە باکووری کوردستان.

 

"گولـلەباران کرام و هەموو خێزانەکەم ڕفێندران"

عەمون عەبدۆی تەمەن ٨٥ ساڵ خەڵکی گوندی کونەفتار کە دایکی هاوژینی جیهان بەکۆیە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە تەقەی لێکرا، وتی: دوای کاتژمێر ۱۲ی شەو، کاتێک پیاوێکم بینی لەبەردەمم ڕاوەستابوو، لەناکاو هەستام و بینیم کە چەتەکان لە دەوروبەرمانن، ئەوان پرسیاریان لە هاوژینەکەم کرد، کچەکەم پێی وتن کە باوکم لە باکوور لە ماڵەوەیە لە باکوور، ماڵەکە گۆڕی هاوژینەکەمە، کە ماوەیەکی زۆرە مردووە، ئینجا چەتەکان چوونە ناو ماڵەکەمان و تاڵانیان کرد، منیش لەبەردەمیان وەستام بۆ ئەوەی ڕایانبگرم، یەکێک لە چەتەکان ماڵەکەمی گولـلەباران کردو کراسەکەمی سووتاند بەڵام بریندار نەبووم، کاتێک کوڕە گەورەکەم و خێزانەکەی، لە دەستی چەتەکاندا بینی دەستەکانی بەستراونەتەوە و فڕێدراون بلە سەر زەوی. لەبیرمە لەو کاتەدا چەتەکان دوو شەڕڤانی یەپەگەیان بە برینداری لەگەڵ خۆیان هێنا و یەکێکیان لەبەردەم ئێمە شەهید کرد و ئەوی دیکەیان لەگەڵ خۆیان برد، پاشان هەموو پارە و زێڕەکانیان کۆکردەوە و ١٤ کەسیان لە خێزانەکەم برد، کە کوڕ و کچ و بووک و نەوەکانم بوون.

 

"هیوادارم پێش ئەوەی بمرم زانیاری دەربارەیان ببیستم"

عەمون عەبدۆ بە پەرۆشییەکی زۆرەوە هیوای گەڕانەوەی کوڕەکەی و نەوەکەی دەربڕی و وتی: کاتێک چەتەکان خێزانەکەمیان برد، دوو لە بووکەکانم دووگیان بوون، یەکێکیان لە زیندانی داعش منداڵەکەی لەدایکبوو، دوای ٤٠ ڕۆژ منداڵ و ژن ئازادکران و دوو کوڕم و یەکێک لە نەوەکانمیان لای خۆیان هێشتەوە، دوای ماوەیەک کوڕە گەورەکەم ئازادکرا کاتێک یەپەگە زیندانییەکانی لەگەڵ داعش ئاڵوگۆڕ کرد لەو کاتەدا ئازادکرا، بیستمان کە کوڕەکەم مستەفا و نەوەکەم ماهیر هەوڵیان داوە لە زیندانی باب بێنە دەرەوە، بەڵام دووبارە دەستگیرکرانەوە، ئێمە نازانین کە ئایا ئەوان زیندوون یان کوژراون، هەموو خێزانەکەمیان لەبەردەم چاوەکانم برد، ماڵەکەمیان وێران کرد، هیوادارم زانیاری ڕوون دەربارەی کوڕەکەم و نەوەکەم ببیستم پێش ئەوەی بمرم.