لە ١٠یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی پاریسدا، سێ ژنی شۆڕشگێڕ بەبیرهێنرانەوە

لە ١٠یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی پاریس کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ ئەنجام درا، لە سەرتاسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، چالاکیی ئەنجامدرا.

 

ناوەندی هەواڵ

بۆ شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژییەکەی پاریس و یادکردنەوەی سێ ژنی شۆڕشگێڕ، خۆپیشاندان و ڕێپێوان لە سەرتاسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچوو و پێشەنگانی تێکۆشانی ئازادی ژنان ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز بەبیرهێندرانەوە، لەچالاکییەکانیشدا ئاماژە بەوەکرا کە بکەری ئەو کۆمەڵکوژیانە ڕوون و ئاشکرا بوو و داوا لەدەوڵەتی فەرەنسا کرا کە کە بۆ بەسزا گەیاندنی ئەو کەسانە بە ئەرکی خۆی هەستێت.

 

شەهبا

بە دروشمی "لە دژی پیلانگێڕییەکان، ژن ژیان ئازادی" ، کۆنگرەی ستاری عەفرین- شەهبا، لە ١٠یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی پاریس لە  ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا، کە یەکێک لە پیشەنگانی تێکۆشانی ئازادی ژنان، ساکینە جانسز، لەیلا شایلەمێز و فیدان دۆغان لە ئەنجامی ئەو کۆمەڵکوژیە تیرۆر کران، ڕێپێوانێکی ئەنجامدا، ڕێپێوانەکە لە سەرەتای ناوچەی ئەحداسی کانتۆنی شەهبا تا ناوچەی گوندی مەرات بەردەوام بوو، لە ڕێپێوانەکەدا وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، شۆڕشگێڕان کە لە کۆمەڵکوژی یەکەم و دووەمی پاریس گیانیان لەدەستدا، بەرز کرایەوە.

 

بە ڕۆحی ساکینە پیلانگێڕییەکە تێکدەشکێنین

دوای کۆتایی هاتنی ڕێپێوانەکە، لە ناوچەی گوندی مەرات-ی سەر بە قەزای ئەحداس، دوای یەک خولەک ڕێزگرتن، گوڵێ محەمەد، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری عەفرین- شەهبا، قسەی کردو وتی: "ئێمە پاکڕەوانی کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەمی پاریسمان بەبیردێنینەوەو بکوژانی ئەو کۆمەڵکوژییە بە توندی شەرمەزار دەکەین، لە کەسایەتی ساکینە جانسزدا ویستیان درێژە بە پیلانگێڕیی سەر ڕێبەر ئاپۆ بدەن و تەڤگەری ئازادی تێکبشکێنن، لە دژی هێزە داگیرکەرە دەسەڵاتدارەکان یاخی دەبین و درێژە بە بەرخۆدانی خۆمان دەدەین، ئێمە بە ڕۆحی ساکین و هەڤاڵانی پیلانگێڕی تێکدەشکێنین و ئازادی ڕێبەری ئاپۆ مسۆگەر دەکەین".

 

ڕێپێوانەکە بە دروشمی "شەهید نامرن" و "ژن ژیان ئازادی" کۆتایی هات.

 

قامیشلۆ

پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە بەردەم ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری محەمەد شێخۆ لە قامیشلۆ باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بە دروشمی "بە ڕۆحی تێکۆشانی سارا و ئەڤین بکوژەکان تێکدەشکێنین" وتەیەکی ڕۆژنامەوانی پێشکەش کرد، هەروەها ساکینە جانسز و هەڤاڵانی بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدان لە شاری قامیشلۆ یادیان کرایەوە.

 

"ژنان بەتایبەتی دەکرێنە ئامانج"

لە بەیاننامەکەدا ئیدانەی ئەو دوو کۆمەڵکوژییەی پاریس کراو تێیدا هاتووە: "هەموو ساڵێک یادی ئەو سێ ژنە پێشەنگەی کورد دەکەینەوە کە لە ٩ی کانوونی دووەمدا بەشێوەیەکی سیاسی کۆمەڵکوژکراون، ئەم تیرۆرکردنە بەئامانجی وەستاندنی دیالۆگ لەکاتی یەکلاکردنەوەی پرسی کورددا ئەنجامدرا، تێکۆشانی هەڤاڵ ساکینە جانسز نەک تەنها دژی ژنانی کورد بوو، بەڵکو دژی ژنانی جیهان بوو، تا ئێستا بەرپرسانی ئەم کۆمەڵکوژییە لەلایەن فەرەنساوە ئاشکرا نەکراون، ئامانجی سەرەکی ڕژێمە فاشیست و دواکەوتووەکان ئەوەیە کە لە هەر شوێنێک بن پێشەنگەکانی ژنان بکەنە ئامانج، سەدان ژن لە دژی سیستمی باوکسالاری تێدەکۆشن ئەو ژنانە بەتایبەتی دەکرێنە ئامانج".

 

"دەبێت بکەران ئاشکرا بکرێن"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ڕژێمە فاشیستەکان بە پێشەنگایەتی تورکیا بەردەوامییان بە چەندین کۆمەڵکوژیی دژی پێشەنگانی ژنان داوە و دەڵێن: "ئەوەش سووربوونی ژنان لەسەر بەتاڵکردنەوەی ناوەڕۆکی پرسی کورد لە دەستبەسەرداگرتنی ناسنامەکان دووپات دەکاتەوە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و فەرەنسا بەرپرسیارانی ئەو کۆمەڵکوژیانە ئاشکرا بکەن".

 

بنەماڵەی شەهیدان سێ ژنی شۆڕشگێڕیان بەبیرهێنایەوە

دەزگای بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی قامیشلو سیمینارێکیان بۆ یادکردنەوەی سێ ژنە شۆڕشگێڕەکە ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز کە لە 9٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس کۆمەڵکوژکران، پێشکەش کرد.

 

هێڤی ئەسعەد، هاوسەرۆکی دەزگای بنەماڵەی شەهیدان لە شاری قامیشلۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، لەسەر ناوی دەزگاکە قسەیکرد و وتی: "ئامادەیی سەدان کەس ئەمڕۆ بۆ یادەوەرییەکی بە ئازار بۆ ئێمە مانادارە، واتە هاودەنگیی ئێمە وەک خەڵک لەو دۆخەدا، بێگومان ئەمە یەکەم جار نییە کە دوژمن کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات و ژنانی پێشەنگمان دەکاتە ئامانج، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی کە بە کۆمەڵکوژ لاواز نابین و بەهێزتر دەبین و ڕۆحی تۆڵەسەندنەوەمان گەشە دەکات، پەیاممان ئەوەیە کە بەردەوام دەبین لە بەدواکەوتنی سەرکەوتنی شۆڕشەکەمان لەگەڵ گەلەکەمان و هەمیشە سەرکەوتنی ئێمە دەبێت".

 

چالاکییەکە بە نیشاندانی سینەفزیۆنێک لەسەر سێ ژنە شۆڕشگێڕەکە کۆتایی هات.