مۆڵەتی تاقیکردنەوەی ماکیاژ لەسەر ئاژەڵان قەدەغە کرا

 پێدانی مۆڵەتی تاقیکردنەوەی ئاژەڵ لەسەر ئەو ماددە کیمیاییانەی کە وەک پێکهاتە لە بەرهەمە جوانکارییەکاندا بەکاردەهێنرێن قەدەغە دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

حکومەتی بەریتانیا ڕێگەی دابوو پشکنینی ئاژەڵان بۆ پێکهاتەکانی ماکیاژ دەستپێبکاتەوە سەرەڕای قەدەغەکردنی بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ.

 

لە بڕیارێکی ئەم دواییەی دادگادا هاتووە کە حکومەت سیاسەتێکی سەبارەت بە پشکنینی ئاژەڵان گۆڕیووە بۆ ئەوەی لەگەڵ یاسا کیمیاییەکانی یەکێتی ئەوروپادا بگونجێت.

 

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سوێلا براڤەرمان ڕایگەیاندووە، هیچ مۆڵەتێکی نوێ نادرێت بۆ تاقیکردنەوەی مادە کیمیاییەکان لەسەر ئاژەڵەکان، قەدەغەکردنی پشکنینی ئاژەڵ بۆ پێکهاتەکانی ماکیاژ لە ساڵی ١٩٩٨ کرایە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام حکومەتی وڵاتەکەی ڕایگەیاندووە، سیاسەتەکەی گۆڕیوە بۆ ئەوەی لەگەڵ یاساکانی یەکێتی ئەوروپادا بگونجێت.

 

لە ساڵی ٢٠٢٠ ئاژانسی کیمیایی ئەوروپا ECHA کە دەزگایەکی یەکێتی ئەوروپایە و سەرپەرشتی ڕێکخستنی ماددە کیمیاییەکان دەکات، بڕیاریدا کۆمپانیاکان پێویستە هەندێک پێکهاتە کە لە جوانکاریدا بەکاردەهێنرێن لەسەر ئاژەڵان تاقیبکەنەوە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی سەلامەتن بۆ ئەو کرێکارانەی کە پێکهاتەکان بەرهەمدەهێنن.

 

سەرەتای ئەم مانگە دەرکەوت کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە حکومەت بە پێی یاسا کیمیاییەکانی یەکێتی ئەوروپا مۆڵەتی تاقیکردنەوەی پێکهاتە جوانکارییەکانی ئاژەڵانی دەرکردووە، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە یەکێتی ئەوروپا دەرچووە.

 

هەواڵی بەردەوامی تاقیکردنەوە لەسەر ئاژەڵەکان هەندێک لە براندەکانی جوانکاری و گروپەکانی مافی ئاژەڵانی توڕە کرد، کە دەیانوت حکومەت بە شێوەیەکی کاریگەر قەدەغەکردنی لابردووە.

 

لە بەیاننامەیەکی نووسراودا بۆ پەرلەمان وەزیری ناوخۆی بەریتانیا وتی: حکومەت دان بەو نیگەرانییە گشتییەدا دەنێت دەربارەی تاقیکردنەوەی مادە کیمیاییەکان لەسەر ئاژەڵان کە وەک پێکهاتە لە بواری جوانکاریدا بەکاردەهێنرێن، هەروەها حکومەت لەگەڵ کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان پەیوەندی دەکات بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بۆ پێشەوە لەسەر ئەم مۆڵەتانە کاربکات."

 

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا وتی یاسا کیمیاییەکانی یەکێتی ئەوروپا ڕوونی دەکەنەوە "بۆچی ئەگەری ئەوە هەبووە کە ماددەیەکی کیمیایی کە لە بەرهەمهێنانی جوانکاریدا بەکاردەهێنرێت ڕەنگە پێویست بکات لەسەر ئاژەڵان تاقیبکرێتەوە، کە ئەمەش لە دەرکردنی ژمارەیەکی کەمی مۆڵەتی کاتیی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٢دا ڕەنگدانەوەی هەبووە".

 

گروپەکانی مافی ئاژەڵان و جوانکاری پێشوازییان لە لێدوانەکەی وەزیری ناوخۆ کرد.

 

دکتۆر پێنی هۆکینز، بەرپرسی ئاژەڵانی RSPCA لە بەشی زانست ڕایگەیاند، خەڵک بە توندی دژی بەکارهێنانی ئاژەڵن بۆ تاقیکردنەوەی جوانکاری، توێژینەەوەکانیان دەریدەخات ٪٧٦ی گەورەساڵانی بەریتانیا زۆر نیگەرانن لە بەکارهێنانی ئاژەڵ لە توێژینەوە و تاقیکردنەوە زانستییەکاندا.