هەوڵی ڕاگرتنی هاوسەنگی گەرمبوونی جیهانی دەدرێت

لە داهاتوویەکی نزیک جیهان بڕێکی زۆر گازی گەرمخانەیی دەخاتە ناو ژینگەوە کە پلەی گەرمی زیاتر لە ١.٥ پلەی سیلیزی لە ئاستی پێش پیشەسازییەوە بەرز دەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

 ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخات، بەپێی پلانەکانی ئێستای حکومەتەکان بۆ کەشوهەوا، جیهان لە دە ساڵی داهاتوودا گازی گەرمخانەیی پێویست دەخاتە ژینگەوە بۆ ئەوەی گەرمبوونی جیهانی لە سەرووی ١.٥ پلەی سەدیەوە بباتە ئاستی پێش پیشەسازییەوە.

 

بۆ بەدەستهێنانی چانسی ٪٥٠ بۆ سنووردارکردنی گەرمبوونی جیهان لە پلەی ١.٥ پلەی سیلیزی، زانایان لە ساڵی ٢٠١٨ ڕایانگەیاند کە جیهان ناتوانێت زیاتر لە ٥٠٠ گیگاتۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەرهەمبهێنێت.

 

ڕاپۆرتێکی نوێ لەلایەن دەزگای گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ حکومەتەکان دەڵێت، تەنانەت ئەگەر حکومەتەکان ئامانجەکانی ئێستایان بۆ کەشوهەوا NDCs بەدیبهێنن کە بریتییە لە " بەشداری دیاریکراوی نیشتمانی، پلانێکی کارکردنی کەشوهەوایە بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی و گونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی کەشوهەوا"، تا ساڵی ٢٠٣٠ نزیکەی ٤٣٠ گیگاتۆن بەرهەمدەهێنن، کە تەنها ٧٠ گیگاتۆن دەمێنێتەوە بۆ دوای ساڵی ٢٠٣٠.

 

لە دانوستانەکانی کەشوهەوای Cop26 لە گلاسکۆ " کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٢١ بە COP26 ناودەبرێت"، هەموو گەلان ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی داوای بەهێزکردنی ئامانجەکانیان بۆ کەشوهەوای ساڵی ٢٠٣٠ بکەن، بەڵام تەنها چەند کەسێک ئەو کارەیان کردووە و هیچ کام لە گەورەترین دەرهێنەرانی جیهان پێشنیاریان نەکردووە کە ئامانجەکانیان باشتر بکەن.

 

شیکارییەکانی کۆمپانیای Climate Action Tracker دەریخستووە کە هیچ پلانێکی کەشوهەوای هیچ حکومەتێک لەگەڵ سنووردارکردنی گەرمبوونی جیهان بۆ ١.٥ پلەی سیلیزی ناگونجێت، لە کۆنفراسنی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان بەرنامەیەکی کاری نەتەوە یەکگرتووەکان دانرا بۆ کەمکردنەوەی زیاتری دەردانی گازی ژەهراوی لە ساڵانی ٢٠٢٠ بەڵام لە Cop27 وڵاتان تەنها مشتومڕیان لەسەر چۆنیەتی دانانی ئەم دانوستانانە کرد.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەگەر پلانەکانی کەشوهەوا بە تەواوی جێبەجێ بکرێن، ئەوا ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی لە ساڵی ٢٠٢٥ یان پێشتر دەگاتە لوتکە، بەڵام بۆ گەیشتن بەو شتە، پێویستە وڵاتانی تازەپێگەیشتووی ئەو یارمەتییە دارایی و تەکنەلۆژییە و تەکنیکییە وەربگرن کە داوای کردووە بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی کەشوهەوا بگرنەبەر.