ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان: بەهێزکردنی ژنان لە بواری کشتوکاڵدا هەنگاوێکە بەرەو گەیشتن بە ئاسایشی خۆراک

یەکسانکردنی ژنان لە سیستەمی کشتوکاڵ و خۆراک و پێدانی مافە تەواوەکانیان، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی برسیبوون و بەهێزکردنی ئابووری جیهانی.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی کردەوە کە چارەسەرکردنی نایەکسانی لە سیستەمی کشتوکاڵی و خۆراک و بەهێزکردنی ژنان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستی برسێتی و بەرزکردنەوەی ئابووری جیهانی.

 

ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا کە دوێنێ پێنجشەممە ١٣ نیسان بڵاویکردەوە، بەناونیشانی "دۆخی ژنان لە سیستەمی کشتوکاڵی و خۆراک" ڕایگەیاند، ڕێژەی کارکردنی ژنان لەو سیستمانەدا دەگاتە ٪٣٦ کۆی گشتی ژنانی کارکەر لە سەرانسەری جیهان، بە بەراورد بە ٪٣٨ی پیاوان، ئەمەش یەکەم ڕاپۆرتە لەم بوارەدا کە دوای لە ساڵی ٢٠١٠ بڵاوکراوەتەوە.

 

ڕێکخراوەکە جەختی لەوە کردەوە کە بازنەی توێژینەوەکانی ڕاپۆرتەکە لە بواری کشتوکاڵ تێپەڕیووە بە ئامانجی کێشانی وێنەیەکی گشتگیر و ڕوون لە دۆخی ئەو ژنانەی کە لە بواری کشتوکاڵدا کاردەکەن، لە قۆناغی بەرهەمهێنانەوە دەستپێدەکات و بە بەکاربردن کۆتایی دێت.

 

  لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "زۆرجار ڕۆڵی ژنان پەراوێزخراوە و ئەگەری زۆرە بارودۆخی کارکردنیان لە پیاوان خراپتر بێت، چونکە کارەکانیان ناڕێک و نافەرمی، نیوەکاتییە یاخود کاتێکی زۆر کاری سەخت دەکەن بە بڕێک پارەی کەمتر ".

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ژنانی کرێکار هێندەی پیاوان مافی پاراستنی زەوییان نییە، زیاتر دەستڕاگەیشتنیان بە قەرز و ڕاهێنان سنووردارە و دەبێت لە چوارچێوەی ئەو تەکنەلۆژیایەدا کاربکەن کە بۆ پیاوان داڕێژراوە.

 

لێکۆڵینەوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە سیستمی کشتوکاڵی سەرچاوەیەکی سەرەکی بژێوی ژیانی زۆرێک لە ژنانە لە زۆرێک لە وڵاتان، لە ئەفریقا ٪٦٦ ژنان لەم کەرتەدا کاردەکەن لەکاتێکدا ڕێژەی پیاوان ٪٦٠ ە، لە باشووری ئاسیا ڕێژەی ژنان ٪٧١ بە بەراورد بە ٪٤٧ی پیاوان.

 

ڕاپۆرتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، کاتێک هەر دابەزینێکی ئابووری ڕووبدات، ژنان یەکەم کەسن کە کارەکانیان لەدەست دەدەن، بەو پێیەی نزیکەی ٪٢٢ی ئەو ژنانەی کە لە کەرتەکانی دیکە کاردەکەن لە ماوەی تەنها یەک ساڵدا لە دوای پەتای کۆرۆنا کارەکانیان لەدەستداوە، بە پێچەوانەوە ٪٢ی پیاوان کارەکانیان لەدەستدا، هەروەها نائاسایشی خۆراک و ئاستی توندوتیژی جێندەری و بەتایبەتی توندوتیژی خێزانی لەنێو ژنان و کچاندا لەماوەی پەتاکەدا خێراتر بەرزتربووەتەوە.

 

هەروەها ڕاپۆرتەکە دەست دەخاتە سەر ئەو گۆڕانەکانی کەشوهەوا و کارەساتە سروشتیانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرچاوە سنووردارەکان و نۆرمەکانی جیاوازی جێندەری دەتوانن پرۆسەی گونجاندن بۆ ژنان لەڕادەبەدەر قورس بکەن.

 

بەرتەسکبوونەوەی زۆربەی کەلێنە جێندەریەکان خاو بووەتەوە و پێچەوانەبووەتەوە سەرەڕای ئەو سەرکەوتنەی کە بۆ ژنان لە بەرتەسککردنەوەی بۆشاییەکە لە ڕووی دەستڕاگەیشتن بە دیجیتاڵی و داراییەوە بەدەست هاتووە و نایەکسانییش ڕێگری لە پێشکەوتنی ژنان دەکات لە هەموو ئاستەکان، بەو پێیەی ژنان دەستڕاگەیشتنی پێویستیان نیە بە ڕاهێنان و ئامرازە سەرەتاییەکان لە سیستەمی کشتوکاڵی.

 

هەروەها پێشکەوتنی بواری سیاسی سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسە جێندەریەکان لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، نایەکسانی جێندەری لە سیستەمی کشتوکاڵی و خۆراکدا بەدەستنەهاتووە، ئەمەش ڕەنگە بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوەی کە دامەزراوە و ستانداردە کۆمەڵایەتییە جیاکارییەکان هێشتا دەرفەتی یەکسان کەمدەکەنەوە و مافی یەکسان نابەخشن بۆ دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان.

 

ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا دەڵێت کە گەیشتن بە یەکسانی جێندەری و بەهێزکردنی ژنان و بنیاتنانی سیستەمی کشتوکاڵی و خۆراکی یەکسانتر و بەردەوامتر لە کەمکردنەوەی نایەکسانی لە بژێوی جێندەریدا دەستپێدەکات جگە لە باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان و ڕاهێنان و بەرزکردنەوەی ئاسایشی خاوەندارێتی زەوی بۆ ژنان.

 

هەر لە هەمان چوارچێوەدا، لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (FAO) دەریخست کە داخستنی جیاوازیی جێندەری لە بەرهەمی کشتوکاڵی و کرێ و دامەزراندنی کشتوکاڵیدا دەبێتە هۆی زیادکردنی بەرهەمی گشتی ناوخۆیی جیهانی و کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی بەدەست نائاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن