بەردەوامبوونی کیمیابارانی قوتابخانەکانی کچان؛ دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە دایک و باوکان لە سەقز

ڕۆژی یەکشەممە هێرشە کیمیاییەکان بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوو و ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانەکان بە کیمیایی و ژەهراویکردن کرانە ئامانج.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە درێژەی کیمیابارانکردنی سیستماتیکی بۆ سەر قوتابیانی کچ، قوتابخانەکانی کچان لە شارەکانی سنە، سەقز و ئورومیە کرانە ئامانجی کیمیاباران و ژەهراویکردن، ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان بە هۆی ژەهراویبوونی توندەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکان گواسترانەوە.

 

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی ئەنجومەنی هەماهەنگی ڕێکخراوەکانی سەندیکاکانی پەروەردەکارانی وڵات بڵاویان کردۆتەوە، بە هۆی کیمیابارانی ٦ قوتابخانەی کچان لە شاری سەقز، زیاتر لە سەد خوێندکار بە هۆی ژەهراویبوونی توندەوە بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە کە لەو ژمارەیە باس لەوە دەکرێت کە باری تەندروستی ٢٤ خوێندکار ناجێگیرە.

 

دوابەدوای گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دایک و باوکی خوێندکارە ژەهراویبووەکان، هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژیان ئاراستەی خۆپیشاندەران کرد و ژمارەیەک دایک و باوکیش دەستگیرکران.

 

هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیانی قوتابخانەی کچانی شارەکانی سنە و ئورومیە بە هۆی کیمیاباران و هەڵمژینی گاز کە بەهۆی ماددە کیمیاییەکانەوە دروست بووە، گواستراونەتەوە ناوەندە پزیشکییەکان.