ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەکە گەیشتە ١٧ هەزار و ١٧٦ کەس
باکوری کوردستان و تورکیا ١٤ هەزار و ١٤ کەس گیانیان لەدەستداوە، لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان ٣ هەزار و ١٦٢ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتەوە کە سەنتەرەکەی شاری مەڕەش و دیلۆک بووە، گیانیان لەدەستداوە، هەموو ساتێک لە زیادبووندایە.
تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئاکەپە لە دیلۆک قسەی کرد کە باری نائاسایی تێدا ڕاگەیەندرا، لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوەداوە: " ١٤ هەزار کەس لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی بریندارەکان ٦٣ هەزار و ٧٩٤ کەس بووە، ١٠ هەزار لیرە دەدەین بە قوربانیانی بوومەلەرزەکە”.
بەپێی دوایین ئامار لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان، ژمارەی ئەو کەسانەی لە شارەکانی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٣ هەزار و ١٦٢ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ٥ هەزار و ٢٣٥ کەس.