"هەر لایەنێک فشار و ترس بەکاربهێنێت لە دەنگەکانی بێبەش دەکرێت"

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ڕایگەیاند، هەر كەس و لایەنێك فشار و ترس بەرامبەر دەنگدەران بەكاربهێنێت، لە دەنگەکانیان بێبەش دەکرێن، جگە لە بەندكردن و پێبژاردن بەپێی مادەكانی یاسای هەڵبژاردن

ناوەندی هەواڵ

 

بڕیارە لە ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەبچێت، لە بارەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی كۆمسیاران بڕیار لەسەر پەسەندكردنی ناوی كاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەدات.

 

ئاماژەی بەوەشدا، دیاریكردنی وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو، كۆمسیۆن دەنگدەرانیش دڵنیادەكاتەوە لەوەی دەتوانن ئازادانە دەنگبدەن و دەنگەكانیشیان نهێنی و پارێزراوە و هیچ كەس و لایەنێك نازانێت دەنگی بە كێ داوە، كارتی دەنگدان ناو و ئاماژەی دەنگدەری تیادا نییە.

 

دووپاتیشی كردەوە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كۆمسیۆنی ڕێوشوێنی یاسایی دەگرێتەبەر بەرامبەر هەر كەس و لایەنێك فشار و ترس بەرامبەر دەنگدەران بەكاربهێنێت، هاوکات ڕێوشوێنەكانیش بریتین لە بێبەشكردنی كەس و لایەنەكان لە دەنگەكانیان، جگە لە بەندكردن و پێبژاردن بەپێی مادەكانی یاسای هەڵبژاردن.