گوڵستان تارا لەو شوێنەی لێی لەدایکبووە بە خاک سپێردا

دوێنێ بە مەراسیـمێکی شکۆدارەوە لە شاری سلێمانی ماڵئاوای لە گوڵستان تارا کرا و بەرەو باکووری کوردستان ماڵئاوایی لێکرا، درەنگانێکی شەوی ڕابردوو تەرمی گوڵستان تارا گەیشتەوە زێدی خۆی وسەرەڕای هێرشی پۆلیسی تورک، لەو شوێنەی لێی لەدایکبووە، بە خاک سپێردرا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی لە ٢٣ی ئابی ئەمساڵدا، فرۆکەی بێفرۆكەوانی دەوڵەتی تورکیا بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتری کرد لە شارۆچکەی سەیدسادق، لە کاتێکدا بەرەو ئەنجامدانی کارێکی میدیای کۆمپانیاکە بەڕێکەوتبوون، هەردوو ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، گیانیان بەختکرد و ڕێبین بەکریش بریندار بوو.

 

دوێنێ لە شاری سلێمانی مەراسیمێک بۆ ماڵئاوایی کردن لە تەرمی گوڵستان تارا بەڕێوەچوو، دوای دووپاتکردنەوەی بەڵێنی هاوپیشە و هاوکارەکانی کە درێژە بە کارەکانی گوڵستان تارا دەدەن و قەڵەم و کامێرەکەی لە زەوی ناهێڵن، تەرمەکە بەرەو زێدی خۆی لە شاری ئیلح لە باتمانی باکووری کوردستان بەڕێکرا.

 

درەنگانێکی شەوی ڕابردوو، تەرمی شەهید گوڵستان تارا کە لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیلەوە بە دروشمی “شەهیدان نامرن” پێشوازی لێکرا، دوای کارەکانی پزیشکی دادوەری شرناخ گەیەندرایە شاری ئیلح، لە زێدی شەهید بە دروشمی “شەهیدان نامرن”، “ژن، ژیان، ئازادیی” و “بمرێ خیانەت، بژی کوردستان” پێشوازی لە تەرمەکە کرا و بە کاروانێک کە لە سەدان ئۆتۆمبێل پێکهاتبوو، گەیاندرایە گەڕەکی تیلمەرج.

 

ئەو ژنانەی کە تەرمی شەهید گوڵستانیان هەڵگرتبوو، داوایان کرد تا گۆڕستانی تیلمەرج کە لەوێ بە خاک دەسپێردرێت، بیبەن، پۆلیس هێرشی کردە سەر ئەو خەڵکەی کە بە دروشم تەرمەکەیان دەبرد، داوا کرا کە تەنها بنەماڵەی شەهید و پەرلەمانتاران بەشداری مەراسیمی بە خاکسپاردنی تەرمەکە بن، لە دژی ئەمە خەڵکەکە بە دروشمی “شکۆی مرۆڤایەتی ئەشکەنجە تێک دەشکێنێت” و “شەهیدان نامرن” وەڵامی ئەو پۆلیسانەیان دایەوە کە هێرشیان کردە سەریان.

 

ئەحمەد بولەنت تەکیک، برای شەهید گوڵستان تارا لەسەر گۆڕەکە وتی: ڕێگای میدیای ئازاد ڕێگایەکی پیرۆزە، ئێمە پابەندبوونی هاوڕێیانی گوڵستانمان بەرامبەر بە یادی گوڵستان بینی، لە سلێمانیش پابەندبوونی هاوڕێکانی بۆ گوڵستانمان بینی.

 

زەینەب ئۆدونجو، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتیک گەلان وتی: بینیمان کە هاوڕێکانمان لە هەرێمی کوردستان لە چ بارودۆخێکدا کار دەکەن و ئەو زەحمەتییانەی کە میدیای ئازاد دەیکێشێت بینیمان، لە قۆناغی کۆتاییدا بووینە شاهێدی یەکێک لە نموونە هەرە ڕوونەکانی هێرشەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە دژی گەلەکەمان، لە لایەکی ترەوە، ئامانجی سەرەکی حکومەت هەمیشە ژنە، بەدوای ڕێگا و ڕێبازەکانی کوشتنی ژناندا دەگەڕێت، ئێمە وەک میراتگری ئەو ژنانەی کە خەبات دەکەن، تێکۆشانی خۆمان بەهێزتر دەکەینەوە، ژن، ژیان، ئازادیی.

 

دوای بە خاکسپاردنی تەرمەکە، مستەفا مەسعود تەکیک، برایەکی دیکەی گولستان تارا وتی: سوپاسی گەلەکەمان دەکەین کە لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەژین، ئەوانەی کە لەگەڵ ئێمەدا لە یەکگرتووییدا جێگایان گرتووە و شەهیدەکەمان لە باوەش دەگرن، وەک بنەماڵە و هاوڕێیانی گوڵستان بەڵێن بە گەلی کورد دەدەین، تا ئاشتیی بێتە سەر ئەم خاکە ئێمە خەباتی خۆمان درێژە پێدەدەین.

 

هەروەها لە هۆڵی کۆبوونەوە و مەراسیمەکان، لە گەڕەکی پازاریەری لە ئیلح پرسەی شەهید دادەنرێت.