گیان لەدەستدانی مامۆستایەک لە ڕووداوی هاتوچۆدا گوماناوییە
جیهان تەها مامۆستایەکی وانەبێژی ناڕازیی، شەوی ڕابردوو لە گوندی هەڤنکا لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ئەنجامی وەرگەڕان و سووتانی ئۆتۆمبێلەکەی گیانی لەدەستدا، بەڵام گومان لەسەر گیانلەدەستانی هەیە، چونکە بەر لە ڕووداوەکە لە فەیسبووکەوە باس لە مردنی دەکات.

ناوەندی هەواڵ
شەوی ڕابردوو، یەکێک لە مامۆستا وانەبێژە ناڕازییەکان بەناوی “جیهان تەها”، لە گوندی هەڤنکا لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕاوە و ئاگری گرتووە، بەو هۆیەشەوە جیهان تەها گیانی لەدەستداوە، بەڵام ئەوەی جێی وسەرەنجە، ماوەیەک پێش ڕووداوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە باسی لە مەرگی خۆی کردووە و نووسیوویەتی ” ڕێگاکەم بەرەو مەرگە، مەرگ بانگم دەکات”.
جیهان تەمەنی ٣٥ ساڵ بوو، خاوەنی دوو کوڕە بە ناوەکانی باران و بیرهات، لە ماوەکانی ڕابردووشدا لە ڕێگەی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنییەوە ڕەخنەی توند لە دەسەڵات و شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ مامۆستایانی وانەبێژ دەگرێت و داوای مافی وانەبێژان دەکات.
تا ئەمساتە زانیارییەکان لەسەر گیانلەدەستدانی “جیهان تەها” سەرەتایین و وەک ڕووداوێكی ئاسایی هاتووچۆ باس کراوە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گومان لەسەر وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلی ئەو مامۆستایە دروستکراوەو کەسانێک پێیانوایە کە ڕووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە ئاسایی نییە.