دانیشتوانی گوندەکانی بازاڕجیخ لە بەردەم خانووە ڕووخاوەکانیاندا ڕۆژ دەکەنەوە

بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە ناوەندەکەی بازاڕجیخی مەڕەش بوو، چەندین گوندی وێرانکرد و ژنانی گوندەکان کاردانەوەیان بەهۆی دواکەوتنی گەڕان و ڕزگاکردن خستەڕوو.

مەڕەش

 

لە بازاڕجیخی مەڕەش کە ناوەندی بومەلەرزەی یەکەم بوو، هەوڵی گەڕان و ڕزگارکردن کۆتایی هات، ئەو ناوچەیەی زۆرینەی لەناوچوو، دۆخی گوندەکانیشی باشتر نییە، لە گوندەکاندا هەموو خانووە دوو نهۆمییەکان ڕووخاون، یەک نهۆمییەکانیش زیانیان بەرکەوتووە، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پارێزگار، ٤١ کەس لە ٨٧٢ بینای وێرانکبوو ڕزگارکراون و ٤١٣ کەسیش گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە ژیانیان لەدەستداوە هەموو ڕۆژێک لە زیادبووندایە.

 

لە گوندەکاندا نیوەی خانووەکان ڕووخاون

سەرەڕای ناو شارۆچکەکە خانووی گوندەکانی نزیکیشی وێران بوون، گوندنشینان وتیان کە سێ ڕۆژی یەکەم زەحمەتییەکی زۆریان بینیوە، دانیشتوانی گوندەکانی عوسماندەدە و ئۆردەکدە ئاماژەیان بەوەکردووە کە خۆیان تەرمەکانیان لەناو بینا ڕووخاوەکان لابردووە، منداڵەکانیان سێ ڕۆژ لەبرسا بوون و لە سەرما ماونەتەوە.

 

ئێمە تەرمی خۆمان دەرهێنا و بە خاکمان سپارد

فاتمە یڵدرم، هاوڵاتییەکی گوندەکەیە و ئاماژەی بەوەکرد، نە ئافاد نە بەرپرسێکی دیکە لە سێ ڕۆژی یەکەمدا نەچوونەتە گوندەکان و خۆیان تەرمەکانیان دەرهێناوە، وتیشی: لێرە کاری گەڕان نەبوو، ئافاد نەهات، دایکی هاوژینەکەم لە ژێر خانووە ڕووخاوەکە مایەوە، ئێمە پەیوەندیمان بۆ ١١٢ کرد و داوای یارمەتیمان کرد، پێیان وتین کە ئەوان لە نارلین ناتوانن خەڵکی ئەوێ بەجێبهێڵن و بێن بۆ ئێرە، هاوژینەکەم داوای لە هاوڕێکانی کرد بۆ شۆفڵ و دایکیمان دەرهێنا، هیچ ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن و هیچ شتێکی تر نییە، خۆمان دەرمان هێنا و شوشتمان و بەخاکمان سپارد.

 

"لە بوومەلەرزەکەی ئیستەنبوڵ توندتر بوو"

فلیز چانکایا، دانیشتووی گوندە و ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو بوومەلەرزەیەی لە ساڵی ١٩٩٩ ئیستەنبوڵی هەژاند وەک ئەم بوومەلەرزەیە توند نەبووە، وتی: دوو جار بومەلەرزە ڕوویدا ئێمە بەپێی پەتی و جلی زستانەوە چووینە دەرەوە، ئەوە بارودۆخێکی زۆر خراپ بوو، هیچ ماڵێک نییە کە زیانی پێنەگەیشتبێت و هەموو خانووە دوو نهۆمییەکان ڕووخاون، هاوڕێکانمان درەنگ هات، لێرە پیاوێک و ژنێک لە ژێر داروپەردوو بوون، تەنها یەکێکیان دەرهێنرا.

 

"دوو ڕۆژ بە برسێتی لە دەرەوە ماینەوە"

خاتیجە یڵدرم، ئاماژەی بەوەدا دوو ڕۆژی یەکەم لەگەڵ منداڵەکانی بە برسێتی لە دەرەوە بوون و ئەو کەسانەی کە لە بوومەلەرزەکەی گوندەکە گیانیان لەدەستدا، چەند ڕۆژێک دواتر تەرمەکانیان دەرهێندران، وتیشی: بوومەلەرزەکە زۆر توند بوو ئێمە هاوارمان کرد، دوو ڕۆژ لە دەرەوە ماینەوە، بە برسێتی لەبەردەم سەرما، تا ئێستا کارەساتێکی ئاوام نەبینیوە.