نەتەوەیەکگرتووەکان: نەتوانراوە کەسانی مەدەنی لە ململانێی چەکداری بپارێزرێن

لە بەرامبەر نەپاراستنی کەسانی مەدەنی لە ململانێ چەکدارییەکان ڕەخنە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگیڕێت.

 

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە پێکدادانە چەکدارییەکاندا زیادی کردووە, بە جۆرێک ١٦ ھەزار و ٩٨٨ مەدەنی لە ١٢ ململانێی چەکداری کوژراون، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەکە ٪٥٣  زیادیکردووە.

 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە پاراستنی کەسانی مەدەنی لە ململانێ چەکدارییەکاندا لەبەرامبەر شکستھێنانی پاراستنی کەسانی مەدەی لە ململانێ چەکدارییەکاندا ٌڕەخنەی گرت.

 

ئاماژەی بەوەکرد، ڕاستییەکی تۆقێنەرە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پابەندی بەڵێنەکانی بۆ پاراستنی کەسانی مەدەنی نەبووە و لە ھێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینش ٧ ھەزار و ٩٥٧ مەدەنی کوژراون و ١٢ ھەزار و ٥٦٠ی تریش برینداربوون .

 

هەروەها لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١١٧ ملیۆن کەس گیرۆدەی نەبوونی خۆراک بوون، ھۆکاری سەرەکیش شەڕ و نەبوونی ئاسایش بووە.